٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: چاكسازی و یاساكانی مستەفا زەڵمی لە كوردستان و عێراق زیندوون

سەرچاوە: KDP.info
 
هه‌ولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر مەراسیمی چلەی ماتەمینی (مستەفا زەڵمی) زانای كورد بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و حزبی بەڕێوەچوو.
 
لە میانی بەشداریكردنی لە چلەی ماتەمینی (مستەفا زەڵمی) (نیچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راگەیاند: "ئەركی ھەموو خەڵكی كوردستان و جیھانی ئیسلام و زانست پەروەرانە و پێشكەوتووخوازانە رێز لە خزمەتە زانستییەكان و یاد و یادەوەرییەكانی مامۆستا (مستەفا زەڵمی) بگرین، ھەروەھا ئەركی من و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە رێز لەو زانا فرە بەرھەمەی نەتەوەكەمان بگرین، خۆشحاڵم كە من بوومە ھۆی ئەوەی بگەڕێتەوە كوردستان و لێرە بمێنێتەوە، ئەوكات پێم گوت مەگەڕێوە بۆ بەغدا لە كوردستان زۆر پێویستیمان پێتە ئەویش داواكارییەكەی قبوڵ كرد".
 
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: "ئەمڕۆ مامۆستا (زەڵمی) بە جەستە لەناوماندا نییە، بەڵام ھەموو چاكسازییەكانی ئەو لە یاساكانی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مافەكانی ئافرەتەوە بۆ خەڵكی كوردستان و عێراقیش زیندوون، تێگەیشتنە زانستیەكانی لەناوبیری ئێمەدان و زیاتر لە 60 كتێب و لێكۆڵینەوەی لەناو كتێبخانەی ماڵەكانمان و كوردیی و ئیسلامی جێھێشتووین، ھەروەھا ھەندێك لە كتێبەكانی لە زانكۆكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بوونەتە پڕۆگرامی خوێندن و رۆڵەكانی ئەو میللەتانەی پێ پەروەردە دەبن".
 
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا (نێچیرڤان بارزانی) گوتی: "ھەموو میللەتێك شانازی بە زانایانی دەكات، مامۆستا (مستەفا زەڵمی) یەكێكە لەو زانایانەیە كە نەتەوەی كورد ھەمیشە شانازی پێوە بكات، مامۆستا (زەڵمی) جوڵاندنێكی فیكری گەورەی دروستكرد لە تێگەیشتنی فراوان و زانایانە لە ئاین".

هەواڵی پەیوەندیدار