بهرپرسێكى پێشووى CIA: کوردستان تازە ناگەڕێتەوە نێو سنووری عێراق

ئەمریکا-KDP.info- سیاسەتمەدار و بهرپرسێكى پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA رایدەگەیەنێت، کە باشوورى کوردستان لە عێراق جیا دەبێتەوە.
(بروس ریدل) راوێژکاری چوار سەرۆکی ئەمریکا و کارمەندی CIA بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاندووە، کە دڵنیا نییە لەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمهریکا و رووسیا یاخود لایەنی دەرەکییەوە دادەڕێژرێت و لەو بڕوایەدایە، ”هێزە تێکدەرەکان“ی ناوچەکە دووبارە نەخشەکە دادەڕێژنەوە.
(ریدل) پێیوایە دوو هۆکار دەبنە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە نەخشەی جیۆگرافیی ناوچەکە دادەڕێژنەوە، ئەوانیش بڕیاری داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمهریکا و بەریتانیاوە و شکستی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی.
بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدارە ئەمهریکاییە، هەردوو وڵاتی سووریا و لیبیا دابەش دەبن و لەسەر نەخشە نامێنن، ”سووریا بەسەر چەند ئیمارەتێکی عەلەوی و سوننیدا دابەش دەبێت، کە هەموویان ئیسلامین و بەشێکیان توندڕۆن و زۆر ترسناک دەبن“.
(بروس ریدل) باس لەوەش دەکات کە عێراق لە رێگایە بۆ لەدەستدانی، باکوورە کوردییەکەی، وەک ئاماژەیەک بۆ جیابوونەوەی باشوورى کوردستان لە عێراق و پێیوایە، دوای جیابوونەوەی هەولێر لە بەغدا، عێراق دەتوانێ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکەی بە زەبری هێز لە چوارچێوەی سنووری عێراقی عەرەبیدا بهێڵێتەوە.
بە گوتەی ئەو بهرپرسهی پیشووی CIA، باشوورى کوردستان تازە ناگەڕێتەوە نێو سنووری عێراق، کوردەکان زۆر ناخۆشییان لە عێراق بینی و کەس ناتوانێ لۆمەیان بکات لەسەر جیابوونەوە. بە پێویستیشی دەزانێ سوننە و شیعەکانی عێراق رێگایەک بۆ ئاشتەوایی نێوانیان بدۆزنەوە.




