٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راسپاردەكانی پرۆتۆكۆڵی هەولێر- واشنتن، راستەوخۆ دەچنە واری جێبەجێكردنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بەپێی پرۆتۆكۆڵی هەولێر-واشنتن، دەبێت دوای رێككەوتنەكە، راستەوخۆ هاوكارییەكان بگەیەنرێنە هێزی پێشمەرگە.

(كیفاح مەحموود)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان واشنتن و هەولێر بۆ هاوكاریی هێزی پێشمەرگە، تا دوای شەڕی داعش راستەوخۆ دوای رێككەوتنەكە هاوكارییەكان دەچنە واری جێبەجێكردنەوە و ئالییەتێك دادەنرێت بۆ ئەوەی هاوكاریییەكان راتسەوخۆ بگەنە دەست هێزی پێشمەرگە".

(مەحموود) گوتیشی: "بەپێی پرۆتۆكۆڵەكە، واشنتن هاوكاریی دارایی و لۆجستی و سەربازیی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات كە، پێشبینی دەكرێت دوای شەڕی داعش بە هۆی كاریگەربوونی هێزی پێشمەرگەوە، ئەگەر پێویست بكات و واشنتن داوای بكات، ئەو پرۆتۆكۆڵە درێژ بكرێتەوە، چونكە بەپێی ناوەڕۆكی پرۆتۆكۆڵەكە دەبێت هاوكاریییەكان تا دوای شەڕی داعش بەردەوام بن".

راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم دەشڵێت: "ئالییەتی دابەشكردنی هاوكارییەكان لە رێگای وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبێت كە ئەوان سەرپەرشتی دابەشكردنەكە دەكەن".

بە گوتەی ئەو: "پرۆتۆكۆڵی واشنتن و هەولێر بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر گرینگە، چونكە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن داعش لە مووسڵ رابماڵدرێت كە بەشێكی زۆری ئەو پارێزگایە دەكەوێتە سنووری هێزی پێشمەرگەوە، بۆیە پێشمەرگە لە داهاتووی ئازادكردنی مووسڵ رۆڵی گرینگی دەبێت.
ڕوونیشی دەكاتەوە: "هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راستەخۆ دەبێت و ناگەڕێتەوە بەغدا، كە ئەمە هەنگاوێكە بۆ ئەوەی پێشمەرگە لەمەودوا وەك هێزێكی كاریگەر لەناوچەكەدا راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

كارزان سەباح هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار