" ئەنجومەنی شوورا نابێتە بەدیلی پەرلەمانی كوردستان"

هەولێر-KDP. info- لە ڕاگەیێندراوێكدا گوتەبێژی وەزارەتی دادی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "ھیچ كاتێك ئەنجومەنی شوورا نابێتە بەدیلی پەرلەمانی كوردستان و لە ھیچ كاتێكیشدا نە یاسایی دەركردووە و نە یاساش دەردەكات و یاساش درێژناكاتەوە". ھەروەھا تێیدا ھاتووە: "دووپاتیشی دەكەینەوە كە نووسراوەكەی پەرلەمانی كوردستان داوای لە ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی كوردستان نەكردووە كە ئەو دوو یاسایە درێژبكاتەوە، بەڵكو نووسراوەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی بیر خستووەتەوە كە لە 15/7/2016 ئەو دوو یاسایە ماوەیان بەسەر دەچێت، ھەربۆیە داوای لە ئەنجومەنی شوورا كردووە، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت ئەنجومەنی شووورا ڕای خۆی لەو بارەیەوە بدات."
دەقی ڕاگەیێندراوەكە
سەبارەت بەو لێدوان و بەیاننامانەی لەسەر نووسراوی پەرلەمانی كوردستان بۆ وەزارەتی داد، ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی كوردستان، بڵاو دەكرێتەوە و تایبەتە بە تەواوبوونی ماوەی ھەردوو یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو یاسای بەكرێدانی خانووبەرە. ئەنجومەنی شورای ھەرێمی كوردستان دووپات لەوە دەكاتەوە كە ھیچ كاتێك ئەنجومەنی شوورا نابێتە بەدیلی پەرلەمانی كوردستان و لە ھیچ كاتێكیشدا نە یاسای دەركردووە و نە یاساش دەردەكات و یاساش درێژناكاتەوە.
دووپات لەوەش دەكەینەوە كە نووسراوەكەی پەرلەمانی كوردستان داوای لە ئەنجومەنی شوورای ھەرێمی كوردستان نەكردووە كە ئەو دوو یاسایە درێژبكاتەوە، بەلكو نووسراوەكەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی بیرخستۆتەوە كە لە 15/7/2016دا، ئەو دوو یاسایە ماوەیان بەسەر دەچێت، ھەربۆیە داوای لە ئەنجومەنی شوورا كردووە، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەکی یاسایی دروست نەبێت ئەنجومەنی شوورا ڕای خۆی لەو بارەیەوە بدات، داوای نەكردووە یاساكە درێژ بكاتەوە. ئەنجومەنی شوورا كە بەپێی یاسای ژمارە 14 سالی 2008 كاردەكات. بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەو یاسایە پێی داوە كاری خۆی دەكات، لەو چوارچێوەیەدا بەو نزیكانە دەستەی گشتی ئەنجومەنی شوورا كۆدەبێتەوەو لەسەر ئەو داوایەی پەرلەمانی كوردستان ڕای خۆی گەلالە دەكات و بلاوی دەكاتەوە.
سەبارەت بە نووسراوی بەرێز سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە - 2791 - لە 26-6-2016، بەمەبەستی بە سیستمكردنی ڕێنماییەكان گشتاندنی بۆ ھەموو وەزارەتەكان دەركردووە. ئەنجومەنی شوورا وەك ئەركی خۆی بە پێی یاسا. لەو بارەیەوە ڕۆلی دیارە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەركردنی ڕێنماییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و پەرلەمانی كوردستانە، نەك ئەنجومەنی شوورا. بەلكو بە پێی ماددەی 7 ی یاسای ئەنجومەنی شوورا ڕۆلی ئەنجومەنی شوورا لە پێداچوونەوە و داڕشتنی پرۆژەی ڕێنماییەكان و یاساكاندا خۆی دەبینێتەوە. ئەوانەیان كە لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران و ئیدارەكان بۆی ڕەوانە دەكرێت. ھەروەھا وردبینیكردنی ئەو پرۆژە یاسایانەیە كە لەلەلایەن ئەوانەوە دانراوون. ئەنجومەنی شوورا تاووتوی ئەو بابەتانە دەكات و لێیان دەروانێت تا بزانێت تاچەند پێچەوانەی یاسا بەركارەكانی ھەرێمی كوردستان نین. دووبارە داڕشتنەوەیان بۆ دەكات لە كاتی پێویستدا پێشنیاری بەدیلیان بۆ دەكات و وەك ڕاسپاردەیەك بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرز دەكاتەوە ھەر لەسەر ئەم بنەمایەش دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەو گشتتاندنەی كردووە.
ھەربۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە ئەنجومەنی شوورا ناچێتە ژێرباری ھیچ بیروبۆچوونێكی سیاسی جگە لە یاسا بەركارەكانی ھەرێمی كوردستان،داواكاریشین ئەوانەی لەو بارەیەوە لێدوان دەدەن لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن پێش لێدوان و دەركردنی بەیاننامەو كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی. وردتر لە یاساكان بكۆلنەوە. تا ئەرك و دەسەڵات و بەرپرسیارێتی ھەریەك لە دەسەڵاتەكان و دەزگە و وەزارەتەكان بزانن چییە.
وتەبێژی وەزارەتی داد
12/7/2016




