“حکوومەتی عێراق کەڵکی پێکەوەژیانی نەماوە..کاتی جیابوونەوەیە”

سلێمانی-KDP.info- ڕۆژنامەنووسێکی کورد پێی وایە عێراق تازە ئیتر مافی هاووڵاتییەکانیی پێ دابین ناکرێ؛ بۆیە دەبێت کوردستان بڕیاری خۆی بدات و جیا ببێتەوە.
سامان ساڵح، ڕۆژنامەنووس و قوتابی ماستەر لە زانکۆی سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "گریمان عێراق بەهێزیش ببێتەوە، ئێمە هەر دەبێت جیا ببینەوە؛ چونکە ئایندەی کوردستان لەسەر داهێزران و هێزگرتنەوەی دەوڵەتێکی دیکە دانەنراوە؛ چونکە قەزیەی ڕەوای گەلی کورد پەیوەندی بە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە نییە، لەو کاتەی کوردستان مەلەکیەت بووە وەک ئێستا هەوڵ هەبووە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان لەژێر چنگی حکوومەتی ئینگلیز و دواتر لەژێر چنگی حکوومەتی عێراق؛ خۆی قەزیەی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان پەیوەندی بە تاکی کوردستانەوە هەیە لە هەرچوار پارچە کە دەیەوێت خۆی حوکمی خۆی بکات؛ عەرەبەکان لە دوای سایکسپیکۆ چەند دەوڵەتێکیان بۆ دروست بووە؛ فارس ئێرانی بۆ دروست بووە، تورکەکان بەهەمان شێوە، هەر کورد زەرەری تێدا کردووە و پارچەپارچە کراوە."
دەیشڵێت: "ویستی سەربەخۆیی شتێکە پەیوەندیی بە تاکەکانەوە هەیە ئەوەتا چەندە بەریتانیا بەهێز دەبێت بەڵام هەوڵەکانی ئیرلەندا هەیە بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند بەهەمان شێوە؛ لە کاتێکدا بەریتانیا یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە بەهێزەکان، بۆیە بابەتی سکۆتلەندا و ئیرلەندا شتێکە پەیوەندیی بە هێزگرتنی بەریتانیاوە نییە، ڕاستە بەهێزبوونی ئەو وڵاتانە کاریگەریی لەسەر یەکگرتنی ئەو وڵاتانە هەیە بەڵام بۆ نموونە ئێمە لە عێراقدا بەم شێوەینە؛ عێراق وڵاتێکی دروست کراوە، دروستکردنەکەشی ناسروشتی بووە؛ دەبێت ئێمە لەم ناسروشتییە بێنە دەرەوە، چونکە لەسەر خواستی گەلی عێراق دروست نەکراوە، شتێک نییە لە عێراقدا بە ناوی گەلی عێراق، پێکهاتەکەی بریتی بێت لە کورد و تورکمان و ئاشوور و عەرەب بە هەردوو مەزهەبەکەوە؛ ئەوەی هەیە لە عێراقدا کۆمەڵێک خەڵکە لە چوارچێوەی سیستەمێکدا بە زۆر لکێنراون بە یەکدا، کە پێی دەگوترێت دەوڵەتی عێراق، کە ئەمەش فەشەلە؛ ئەوەتا عێراق نەتیوانیوە ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون".
سامان ساڵح ئەوەشی خستە ڕوو: "لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە پاکتاوی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە عێراق هەیە، لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەی پێکهاتەکان هەیە؛ ئەگەر بەراوردی ڕێژەی کورد بکرێت لە سوپای عێراقدا لەگەڵ ئەو کاتەی بەزۆر خەڵکیان دەبرد بۆ سەربازی لە سەردەمی سەدام حوسێن، کورد ئەو کاتە ڕێژەی لە ئێستادا زیاتر بوو کە ڕاستە ئەو کاتە هەندێکی وەک جاش دەڕۆیشت و هەندێک بە زۆر بەڵام ڕێژەی کورد ئەو کات زۆر زیاتر بوو لە سوپای تا عێراقی ئێستا."
گوتیشی: "گرفتی گەورە لە نێوان شیعە و سوننەش هەیە؛ کاتی خۆی سوننە پاکتاوی شیعەی کردووە و بە پێچەوانەوە دوای ڕووخانی سەدام و دوای ساڵی ٢٠٠٥ و نووسینەوەی دەستوور شیعە دەستی کرد بە پاکتاوکردنی سوننە و ئێستاش هەوڵی شیعە بۆ هاتنیان بۆ باکووری موسڵ بۆ ئەوەیە کە حکوومەتی شیعە لە عێراق دروست بکات و سوننە و کورد بکاتە دەرەوەی هاوکێشەکەوە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە دەسەڵاتی شیعە دەیەوێت کورد لە هێڵی ٣٦ بهێلێتەوە و نەگەرێتەوە ناوچەکانی شنگال و خانەقین و کەرکووک و خواروی مەندەلی بۆیە دەوڵەتێک نەتوانێت ئاسایشی بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات ناتوانێت ببێتە دەوڵەتی هاووڵاتی بوون چونکە بە ئێستاشەوە و بەساڵانی ڕابردووش ئەقڵەتی سەدامی بەسەرەوەیە.
سامان ساڵح ئەوەشی خستە ڕوو: عێراقێک بەم شێوە بێت دەبێت جیا ببینەوە، چونکە کاتی خۆی بەبێ ویستی کورد لکێنراوین بە عێراقەوە، بۆیە ئێستاش دەبێت لە عێراق جیا ببینەوە بەم ڕێگایانە. یەکەم: بەرێگای شەڕ یان ڕێگای جیابوونەوەیەک بە ئاشتی بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە گەلی کوردستان داوای ڕیفراندۆمی کردووە، کە بە بۆچوونی خۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق پێویستیمان بە ڕیفراندۆم نییە، بەڵام بۆیە ئەوەمان کردووە چونکە ڕیفراندۆم بەدیلی شەڕە و کوردستان شەڕ ناخوازێت.
گوتیشی: "ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی گرنگە دەبێت زەمینەسازیی بۆ بکرێت و دەبێت ناوەرۆکی ئەوە بێت کە جیاببینەوە لە عێراق نەک پرس کردن بێت بەوەی جیادەبیتەوەیان نا چونکە تۆ کاتێک ئەو پرسیارەت خستە بەردەم خەڵک هەڵە ڕوودەدات خۆی دەخەیتە گومانەوە دەبێت لە فۆڕمی ڕاپرسی ئەوە جێگیربکرێت کە بەڵی بۆ جیابوونەوە لە عێراق، و ئەم ڕیفراندۆمە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە کە ئەم ڕێگایە زۆر ئاشتیانەیە زیاد لە ١٥٠ دەوڵەت ڕاپرسیان کردووە بەدرێژایی مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو زۆبەی دەوڵەتان بە ڕاپرسی گەیشتوونەتە دەرئەنجام".
ئەو ڕۆژنامەنووسیە ئەوەش دەخاتە ڕوو: "عێراق لە دوای داعش و شەش مانگی داهاتوو ڕێگامان پێ نادات جیا ببینەوە چونکە داعش لەم ماوەیەدا کۆتای پێ دێت و عێراقیش ئەو کاتە بە ویستی خۆی هەرچییەکی بوێت فەرزی دەکات بەسەر کوردستاندا، لەلایکی دیکە هەوڵێک هەیە لەلایەن موقتەدا سەدر و ماڵی شیعە هەوڵی کۆتایی هاتنی حکوومەتی تەوافوقی دەدرێت کە مەترسییە لەسەر کورد و چاوەڕوان دەکرێت نووری مالیکی، بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات بەشێوەی کودەتا ئەو کاتە ئەم هاوکێشانەوە بۆ کورد ئاستەم دەبێت، و ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەیە لە گەڵ حکوومەتی عێراقدا."
گوتیشی: "ڕیفراندۆم پەیامێکی پیرۆزە بۆ خەڵکی کوردستان خەونی هەموو گەلی کوردستانە دەبێت لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتییمان سەرجەم تاکەکانی کوردستان بابەتی ڕیفراندۆم وەک شتێکی پیرۆز سەیری بکرێت چونکە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ دەرباز بوونی کوردستان لە لێواری مەترسی".
دەشلێت: "کاتێک دەوڵەتمان هەبوو دەتوانین هەموو مەترسییەکان لەسەر خۆمان لابدەین، چونکە ئەمە پرۆژەیەکە پەیوەندی بە تاکە تاکەی خەڵکی کوردستانەوە هەیە و ئەوانیش دەتوانن ئەم ئەزمونە بپارێزن، چونکە کاتێک ساڵی ١٩٩١ پێشمەرگە هاتەوە شار نەیتوانی بە تەنیا هەموو کوردستان بپارێزێت دواتر گرانی هات، دوای ئەویش پارەی تەزویر هات، دواتر هێرشی بەعس هات، بەڵام چونکە پەیامی ڕاپەرین پەیامی خەڵک بوو توانیمان بەئاسانترین شێوە لە ماوەی ساڵێک و نیوێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت کە خەڵک خۆی دروستی کرد خۆی پشگیری کرد بۆیە ئێستاش ئەگەر خەڵک پشگیری ئەم پرۆسەیە بکات کە پرسی ڕیفراندۆمە ئەوە ئێمە سەرکەوتوو دەبین چونکە گەلانی دنیا چەندە دواکەوتوو بن بەڵام لەسەر مافەکانیان هۆشیار بکەنەوە ئەوە دەتوانن مافەکانی خۆیان بهێننە دی بۆیە ئێمەش کوردیش دەبێت ئەو مافەمان بێننە دی".
کارزان سەباح هەورامی




