سەرنووسەری ئەلحەیات: بارزانی گولـلەیەکی ژەهراویی لە جەستەی سایکس پیکۆ دا

هەولێر-KDP.info- (غەسان شەربل) سەرنووسەری رۆژنامەی (ئەلحەیات)ی لەندەنی، لە وتارێکیدا رایگەیاندووە، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵەڕاوکێی وڵاتانی دەوروبەری سەبارەت بە هەنگاوەکانی خوێندووەتەوە، بۆیە زۆر بە پارێز و ئاگادارییەوە، هەنگاو دەنێت.
(شەربل) کە نووسەرێکی دیاری عەرەبە، باسی رووداوێکی چەند ساڵێک پێش ئێستا دەکات و رایدەگەیەنێت، (بەشار ئەسەد)ی سەرۆکی رژێمی سووریا رەتی کردەوە وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی لە (بارزانی) بکات، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆیی سووریا، کە لە مانگی ئاداری 2011 دەستی پێکردووە، رازی بوو وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی بکات و داوەتنامەی بۆ نارد، بەڵام (بارزانی) گوتی: ئیدی کاتەکە لەبار نەماوە.
ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسەی عەرەب پێیوایە، هەڵبژاردنی (بارزانی) وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 پێشینەی نەبووە و هەر لەو کاتەشدا سەردانی (بارزانی) کردووە و هەستی بەوە کردووە، کە کوڕی (مەلا مستەفا بارزانی) گولـلەیەکی ژەهراویی لە جەستەی سایکس پیکۆ داوە.
(غەسان شەربل) ئاماژە بەوەش دەکات، کوردانی باشووری کوردستان هەلی مێژووییان بە رووخاندنی (سەددام) قۆستەوە و کوردانی رۆژئاوای کوردستانیش هەلێکی مێژوویی لە شەڕەکانی سووریا دەقۆزنەوە، بەمەش رۆژئاوای کوردستان گولـلەی دووەمی لە نەخشەی رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ دا.
(غەسان شەربل) جەخت دەکاتەوە کە، کە رێگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوەی باشووری کوردستان لە عێراق و خنکاندنی خەونی کوردان "سەختە"، چونکە ئەمەریکا "ئامادە نییە دژی ئەو خەونە بووەستێ".
ئەو نووسەرە دیارەی عەرەب جەخت لە کۆتاییهاتن و سڕانەوەی نەخشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بیری نەتەوەپەرستیی عەرەب، کە (میشێل عەفلەق)ی دامەزرێنەری حزبی بەعسی عێراق و سووریا دایڕشت، لە ناوچەکە دەکاتەوە و دەڵێت، "گوێم لە گریانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و بۆنی فرمێسکی (میشێل عەفلەق) لە گۆڕەکەی دەکەم."
لە ساڵی 1916، هەردوو دیپلۆماتکاری فەرەنسایی (فرانسوا جۆرج پیکۆ) و بەریتانیایی (مارک سایک)، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و بەپێی رێککەوتنەکە، گەلی کورد و خاکی کورستانیان بەسەر هەرچوار وڵاتی عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران دابەش کرد.




