" پەیامەكەی سەرۆك تاكە رێگایە هەرێم لەكێشەكان رزگار بكات"

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، پێویستە لایەنەكان بەپیر پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بچن، چونكە تاكە مەرجەعە كە گەل شەرعییەتی پێ داوە، بۆیە باشترە لە ژێر رێنماییەكانی ئەودا كێشەكان چارە بكرێن نەك لە رێگەی بەغداوە.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. ساڵح مەلاعومەر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە هەموو لایەكەوە دوژمنی خۆی هەیە، بۆیە هەردوو پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) ئەوەی پێش جەژن و لە جەژنیشدا كە داوای كردبوو لایەنە سیاسییەكان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ریفراندۆم كۆ ببنەوە، تاكە رێگایە هەرێمی كوردستان بباتە قۆناغێكی دیكە و لەكێشەكان رزگاری بكات".
(مەلاعومەر) گوتیشی، بۆ ریفراندۆمیش هەر لایەنێك بیەوێت لەگەڵی نەبێت و ئەو مافە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان وەربگرێتەوە، خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوە قبووڵ ناكات، بۆیە ناكرێت لەبەر ململانێی سیاسی، چارەنووسی كورد بكرێتە قوربانی.
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر لایەنەكان بیر لە بەرژەوەندیی نیشتیمانی بكەنەوە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان چارە بكەن، بەڵام لایەنێكی سیاسی وا بیر بكاتەوە گەمەیەكی بردنەوە و دۆڕاندن دەكات و، بیەوێت خۆی سەر بخات و لایەنێكی دیكە سەر نەكەوێت، ئەم عەقڵییەتە ناتوانێت سەركەوتوو بێت، بۆیە باشترین سیاسەت ئەوەیە كە هەوڵ بدرێت هەموو لایەك براوە بن.
دەشڵێت: "(سەرۆك بارزانی) لەبەر ئەوەی شەرعییەتی لە گەل وەرگرتووە، تەنیا مەرجەعە بەپێی یاسا، لایەنەكان دەتوانن لە رێگەی ئەوەوە بە ئاسانی كێشەكان چارە بكەن نەوەك بگەڕێنەوە بۆ هەندێك مەرجەعی دیكە، بۆ نموونە لە بەغدا و دەرەوە، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە ئەمانە هیچ شەرعییەتێكیان نییە لە هەرێم تاوەكو بتوانن كێشەكان چارە بكەن".
(د. ساڵح مەلاعومەر) دهشڵێت، رەنگە بەغدا و هەندێك وڵاتی دەرەوە هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشانە بن، ئینجا چۆن دەتوانن ئەو كێشانە چارە بكەن، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە لە ژێر رێنمایی (سەرۆك بارزانی)ـدا كۆ ببنەوە و لە رێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارە بكەن.
بڵند ئیبراهیم




