بکوژەکەی مینا سزای سێدارەی بۆ دەرچوو

هەولێر-KDP.info- ئەو گەنجەی کچێکی تەمەن 18 مانگی ڕفاند بۆ ئەوەی " دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر" ڕۆژی یەکشەممە 10-7-2016 لەلایەن دادگای تاوانسەلمێنی دهۆک بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك بە ڕووداوی ڕاگەیاند " لەلایەن دادگا سزای لەسێدارەدان بۆ (ع. ح.)، بكوژی مینا مێڤان، منداڵە 18 مانگانەكە دەركرا".
مینا مێڤان، دوای 10 ڕۆژ، تەرمەکەی بە پارچەپارچەکراوی دۆزرایەوە، ئەو کەسەی مینای ڕفاندبوو گەنجێکی تەمەن 22 ساڵانە، دوای دەستگیرکردنیشی دانی بە تاوانەکەیدا ناو بە پۆلیسی گوتبوو، بۆ ئەوە ڕفاندوویەتی تاوەکو دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر.
لە ماوەی ئەو 10 ڕۆژەی مینا ون بووبوو، خەڵکی دهۆک زۆر پەرۆشی بوون، جگە لە خانەوادەکەی خەڵکی دیکەی شارەکەش بەدوایدا دەگەڕان. دوای ئەوەی تەرمەکەشی دۆزرایەوە، باوکی مینا لە ڕێگەی ڕووداوەوە داوای کرد "با سەرۆکی هەرێمی کوردستان مینا بە نەوەی خۆی بزانێت، تاوانباری کوشتنی کچەکەی بە سزا خۆی بگەیێنێت".
مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەلەفۆنی بۆ باوکی مینا کرد و جگە لەوەی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەکەیان کرد "بەڵێنی پێ دا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکات".
دانپێدانانی (ع. ح.) بۆ پۆلیس بەوەی کچەکەی بۆ ئەوە ڕفاندووە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری و دواتر بەو شێوازە کوشتوویەتی، خەڵکی زیاتر تووڕە کرد. بکوژ مینای لە دهۆک ڕفاندبوو و بردبوویە گوندی بەرئاشێ کە ماڵباتی میناش خەڵکی ئەو گوندەن، دواتر لە چاڵێکی ئەو گوندە تەرمەکەی حەشار دابوو، بۆیە خەڵکی گوندەکە ئەو ماڵەیان تەختی زەوی کرد کە مینای تێدا کوژرابوو.
29-6-2016 عابد فازڵ بەرئاشی، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی بەرئاشێ بە ڕووداوی ڕاگەیاند "شوێنەواری ئەوان لە گوندەكە لەبەرچاوی گوند هەمووی ڕەش ببوو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاوانێكی گەورە لەو خانووەدا ڕوویدابوو، بۆیە ئەنجوومەنی گوند، كە لە شەش كەس پێك هاتووین، كۆ بووینەوە و بڕیارمان دا ئەو خانووە خاپوور بکەین، قەرەبووی ماددیشیان دەكەینەوە، غەدر لە كەسوكاری تۆمەتبارەكە ناكەین، ئەگەر بیشهێنەوە بۆ گوندەكە هیچ كێشەیەك نییە"




