لیوا بەهرام: لە هەفتەیەكدا 70 كەس خۆیان گەیاندووەتە لاى پێشمەرگە.. تیرۆریستە بیانیانیهكان ڕادەكەن

باشیك-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك ڕایدەگەیێنێت، ئەو خەڵكەی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان، لە ڕەوشێكی خراپدان و ژیانیان یەكجار ناخۆشە، بۆیە لە ماوەی یەك حەفتەدا 70 كەس خۆیان گەیاندووەتە لای هێزەكانی پێشمەرگە.
لیوا (بەهرام عەریف یاسین)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا نزیكەی 70 كەس لە ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش خۆیان گەیاندووەتە سنووری هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك كە ئافرەت و منداڵ و پیاوی بەساڵداچوویان تێدایە".
(یاسین) گوتیشی: "ئەو خەڵكەی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان، لە ڕەوشێكی خراپدان و ژیانیان یەكجار ناخۆشە و باس لەوە دەكەن كە هیچ ئیش و كارێك نییە بیكەن و ئازووقەی ناوماڵیان تەواو بووە و تیرۆریستانی داعشیش لە دەشتی نەینەوا و دەوروبەری مووسڵ لە ناوچە كوردنشینەكان،، گرووپی جیاوازیان دروست كردووە و خەریكی بردنی كەلوپەلی ناو ماڵی كوردەكانن و بە نرخێكی زۆر هەرزان دەیانفرۆشنەوە".
ئهو فەرماندە دەشڵێت: "تیرۆریستانی داعش خۆیان لەبارودۆخێكی زۆر خراپدان و ورەیان نەماوە و لە بەرەكانی شەڕدا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە تێك دەشكێنرێن و ڕادەكەن، ئێستایش بەشی هەرە زۆری ئەو تیرۆریستە بیانیانەی كە هاتبوونە نێو شاری مووسڵ و خێزانیان لەگەڵیان بوو یاخود خێزانیان پێك هێنابوو، خەریكن ڕادەكەن بەرەو سووریا و شوێنەكانی تر و مووسڵ جێ دەهێڵن".
نەشوان بەرزنجی




