لیژنه‌ى ناوخۆى پارێزگای سلێمانی، بابه‌تی ته‌قه‌كردن له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌جووڵێنێ

سلێمانى-KDP.info- سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى رایده‌گه‌یێنێت، ده‌بێت داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان زیاتر هه‌وڵ بده‌ن بۆ ده‌ستگیركردنى ته‌قه‌كه‌ران له ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتی له سلێمانى، گوتیشی، دواى جه‌ژن له ئه‌نجوومه‌ن بابه‌ته‌كه ده‌جووڵێنن و چاودێرى ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى(داناى شه‌هید جه‌زا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ په‌یوه‌ندیم به سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى پارتى له سلێمانى (شێخ ئه‌دهه‌م بارزانى)یه‌وه كرد، تا زانیاریی پێویست له‌باره‌ی ڕووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه وه‌ربگرم، خۆ ئه‌وانیش حه‌قیانه كه به فه‌رمی داوا ده‌كه‌ن ئه‌نجوومه‌نى پاریزگا رۆڵى هه‌بێت له‌و رووداوه‌دا، چونكه به‌رزترین ده‌زگاى چاودێرییه له پارێزگاى سلێمانىدا، راستییه‌كه‌ی ئێستا به هۆی پشووی جه‌ژنه‌وه ده‌واممان نییه، به‌ڵم پاش جه‌ژن، ئه‌م پرسه ده‌جووڵێنین.''
(داناى شه‌هید جه‌زا) گوتیشى: "له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگایش قسه‌م كردووه كه شتێكى وا هه‌یه و ده‌بێت كارى تێدا بكه‌ین، هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش قه‌بووڵی كرد و گوتى، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌ده‌ین تا بتوانین چاودێرى و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و دۆخه بكه‌ین تا بزانین كه‌مته‌رخه‌مى هه‌یه یاخود ده‌ستێكى له پشته، یان گێره‌شێوێنییه و ده‌شێ دووباره ده‌بێته‌وه.''
سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "دووسبه‌ی یه‌كشه‌ممه، ئه‌و بابه‌ته ده‌جووڵێنین و چاودێریى ته‌واوى ده‌كه‌ین و، ئه‌وه‌شى له ده‌سته‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌ن و لیژنه‌ى ناوخۆدا بێت، كه‌مته‌رخه‌مى ناكه‌ین.''
گوتیشی: "هه‌ر شتێك روو بدات له سنوورى پارێزگاى سلێمانى، بێگومان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى ئه‌و سنووره لێى به‌رپرسن، ئیتر ئاسایش بێت یاخود پۆلیس؛ پێویسته ئیداره و لیژنه‌ى ناوخۆیش هه‌وڵى زیاتر بده‌ن تا ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و رووداوه ده‌ستگیر بكرێن و بدرێن به دادگا. خۆ له‌كۆی پارێزگاندا ئیداره‌ى پارێزگا و لیژنه‌ى ئه‌منى و ئاسایش و پۆلیس و داموده‌زگا ئه‌منییه‌كان له ئه‌جامدانى كارى وا به‌رپرسن.''
نەشوان بەرزنجی




