٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"30 جارە لە سلیمانیدا تەقە لە بارەگانی پارتی دەکرێ.. هێشتا تەقەکەرێک سزا نەدراوە"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، تائێستا دەوروبەری 30جارە تەقە لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت و تەقەکەران نەگیراون و سزای خۆیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەمجارە بێدەنگ نابین و پێویستە تەقەکەرەكان دەستگیر بکرێن و، رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە و، سزای خۆیان وەربگرن، چونکە ئەمە کاریگەری بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی ھەیە.

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (فارس نەورۆڵی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "شەوی رابردوو سه‌عات11:50خولەکی شەو ئۆتۆمبێلێک لەو شەقامەی بۆ کەرکووک دەچێت، تەقەی لە بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتییی دیموکراتی کوردستانی کردووە، بەو ھۆیەوە پاسەوانێک بریندار بووە و دوو ئۆتۆمبێلی کارمەندانیشمان زیانی پێگەیشتووە، بەڵام ئێستا تەندروستیی پاسەوانەکە جێگیرە، لەبەرئەوەی گوللە بەر رانی کەوتووە.

(فارس نەورۆڵی) گوتیشی، تا ئێستا ھیچ سەرەداوێکمان لەبارەی تەقەکەرەکانه‌وه‌ دەست نەکەوتووە، بەڵام رووداوەکە ڕووبەڕووی دەستگا ئەمنییەکان دەکەینەوە کە پێویستە ئەوان بیاندۆزنەوە و رووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.

(نەورۆڵی )ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا دەوروبەری 30جار لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و دەڤەرەکە بە گشتی، تەقە لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە، ھیچ کامیان لە تەقەکەرەکان ڕووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەمجارە  بێدەنگ نابین و بە تووندی داوا دەکەین و پێویستە تەقەکەران دەستگیر بکرێن و ڕووبەروی یاسا بکرێنەوە و سزا بدرێن، چونکە دۆخەکە ناسک و ھەستیارە و ئەگەر ئەم ڕووداوانە بەردەوام بن، کاریگەری لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبێت و بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار