80 کومپانیا زیاتریش گەشتیاریان بۆ هەرێم هێناوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشت وگوزاری ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٨٠ کۆمپانیا گەشتیاریان بۆ کوردستان ھێناوە و رێژەکەیش زیادی کردوە.
(نادر رۆستایی) گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشت وگوزاری ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژن لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار کۆبوونەوەیەکی نائاسای بە سەرپەرشتی سەرۆکی دەستە و ئامادەبوونی نوێنەری کۆمەڵەی میوانخانەکان و رێکخەری گەشتیاری نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرانی پلان و ئامار و راگەیاندن و کاروباری گەشتیاری لە دیوانی دەستە و بەرێوەبەرانی کارگێری و کاروباری گەشتیاری و راگەیاندن و پشکنین لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ھەولێر بەرێور چوو.
گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر ھاتنی گەشتیاران و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیاران و کارئاسانی ھاتنیان بۆ ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوا زانیاری ھاتنی گەشتیاران خرانەروو و ئاماژە بەوە کرا کە لە ئەنجامی ئەوپلانەی لە لایان دەستەی گەشتوگوزار دانرابوو بۆ ھێنانی گەشتیار بە ھاوکاری دەزگاکانی ئاسایش و بازگەکان و کەرتی تایبەت و یەکە ئیداریەکانی تر زۆڕ باش بەڕێوە دەچێت سەرکەوتوبووە.
(رۆستایی)ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ کۆمپانیا، گەشتیاریان لە رێگەی گروپ گەیاندووەتە ھەرێمی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی دابێ زیاتریش بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی دەزگاکانی ئاسایش و بازگەکانیش کرا بۆ ئەو ھاوکاری و کارئاسانەی ئەنجامدراوە، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کە لە ٩٥% زیاتر میوانخانەکان گیراون و بەکار کەوتوون، رێژەیەی گەشتیاران بەراورد بەساڵی پار زۆر بەرز بووەتەوە و لە ڕۆژانی دابێ زیاتر بەرز دەبێتەوە و لە ڕۆژانی کۆتایش ئامارەکان و رێژەی بەرزبوونەوەکە ڕادەگەیەنین.
بڵند ئیبراھیم




