ئایدن مەعروف: سەرۆک بارزانی پشتگیری لە داواکاری تورکمان کرد

ھەولێر-kdp.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی دەڵێ، سەرۆک بارزانی ھەمیشە بەرگریی کردووە لە ھەموو پێکھاتەکان؛ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشی لەگەڵ ئێمەدا باسی لەوە کرد پێویستە دوای ئازادکردنی مووسڵ مافی ھەموو پێکھاتەیەک پارێزراو بێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی (ئایدن مەعرووف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێکی بەرەی تورکمانی عێراقی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانمان کرد؛ مەبەست لەوسەردانەش بۆ بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوو لایەن بوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو پێکەوەژیانەی ھەرێمی کوردستان کرا، چونکە سەرۆک بارزانی خۆی زۆر گرنگی بە پێکھاتەی تورکمانی دەدات و، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی نوسینی دەستور زۆر ھەوڵی بۆ دەستەبەرکردنی مافی تورکمانەکانیش داوە."
گوتیشی ئەم سەردانە دوای ١٦ ساڵ دێت کە یەکەم سەردانە دەکرێت چونکە پێشتر سەردان نەبووە، بۆیە ئەمە زۆر گرنگ بوو؛ جەختیش لە بەھێزکردنی پەیوەندیی نێوان ھەردوو لا کرایەوە.
(ئایدن مەعرووف) ڕوونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ کرا و، ئێمەش داوامان کرد تورکمان لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵدا بەشدار بن و ئەویش پشتگیریی لەو داواکارییەی ئێمە کرد.
(مەعرووف) گوتیشی، ڕەنگە لیژنەیەکی ھاوبەش لەو ناوچانە دروست بکرێت بۆ پێش ڕزگارکردنی مووسڵ و دوای ڕزگارکردنی مووسڵ؛ چونکە وەک سەرۆک بارزانی باسی کرد ڕزگارکردنی مووسڵ ھێندە گرنگ نییە ھێندەی دوای ڕزگارکردنی گرنگە، چونکە پێویستە مافی ھەموو پێکهاتەیەک پارێزراو بێت.
باسی لەوەش کرد، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە پێویستە ئیدارەکی کاتی ھەبێت بۆ دابینکردنی مافی گشت پێکھاتەکان لە دوای ئازادکردنی مووسڵ.
بڵند ئیبراھیم




