بازیانی: بارزانی وەک دیفاکتۆی کەسی یەکەم گرنگە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کۆ بکاتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ڕەوتی چاکسازی و گەشە لە کوردستان داوا دەکات ئیرادەیەک هەبێت بۆ بەدەمەوەچوونی داواکەی بارزانی و کۆکردنەوەی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان و هێزە سیاسییەکان لەسەر یەک خاڵ.
د. محەمەد بازیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەسعوود بارزانی، وەک دیفاکتۆی کەسی یەکەم لە کوردستان گرنگە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆ بکاتەوە، چونکە کوردستان لە بەردەم مەترسی و قەیرانی گەورەدایە؛ مەترسی هەیە لەلایەن داگیرکەرانەوە پیلانمان لە دژ هەبێت."
گوتی: "کورد لە بەردەم دەسکەوت و ئامانجی گرنگدایە بەڵام هەڕەشەش هەیە؛ بۆیە گرنگە بارزانی دەستپێشخەری بکات؛ لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئیرادەیەک هەبێت لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بۆ دەستپێشخەرییەکانی بارزانی".
گوتیشی: "ئێمە داوامان لە بارزانی کردووە میوانییەک بۆ کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان و هێزە سیاسییەکانیش ڕێک بخات بۆ ئەوەی ڕۆحی سیاسییان لە یەکتر نزیک ببێتەوە".
کارزان هەورامی




