لەو تۆپبارانەی ئێران کردی، دەڤەری سیدەکان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە
_(1)__2016_07_04_h16m7s51__HK.jpg)
سیدەکان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان ئاماری زەرەروزیانەكان بۆ ماڵپەڕی پارتی دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەكات لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەی ئێران کرد،ی خەڵکی سیدەكان زیانێكی زۆریان کردووە و تا ئێستایش خەڵكەكە ترسیان لەوە هەیە دووبارە ناوچەكە تۆپباران بكرێتەوە.
(كاروان كەریمخان) بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێران بۆ لێدان و تۆپبارانكردنی پێشمەرگەكانی دیموكراتی كوردستان لە ناوچە سنوورییەكان، بە چڕی تۆپبارانی گوند و ئاواییەكانی دەرهۆڵ، بنپەرێزە، كەتینە، بەنێ، بەربزێن و بێركمەی كرد، كە بەو هۆیەوە بە دەیان خێزان ئاوارە بوون و زیانێكی زۆریش بەر هاووڵاتیان كەوت."
گوتیشی: "دوای تۆپبارانەكە لیژنەیەكمان پێك هێنا بۆ ڕەچاوکردنی ئەو زەرەر و زیانانەی بەر هاووڵاتیان كەوتووە؛ دوای كۆكردنەوەی هەموو ئامارەكان، زیانەكان بریتی بوو لە سووتانی نزیكەی ١٠هەزار دۆنم زەوی، سووتانی نزیكەی هەزار بنەداری بەردار، سووتان و لەناوچوونی ٧٠ پلوورەهەنگ، لەگەڵ خەرمانە گەنم و جۆیەکی زۆریش سووتاوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا نزیكەی ٨٠ ماڵە جووتیار و ڕەوەند و كۆچەری و گوندنشین، ئاوارە بوونە."
ئەوەشی گوت: "هاووڵاتیانی گوندەكان گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بەڵام ڕەوەند كۆچەرەكان نەگەڕاونەتەوە، ڕاستە ئێستا ڕەوشەكە ئارامە، بەڵام خەڵكەكە هەر هەست بە مەترسی دەكەن و لە بارێكی دەروونیدانە و ترسیان لەوە هەیە دووبارە ناوچەكە تۆپباران بكرێتەوە."
ڕابین شێروانی




