په‌رله‌مانتارێك داوا ده‌كات، حکوومەت بە مۆڵەتدانی حزبه‌كاندا بچێته‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ناکرێت حزبێک لە کوردستان مۆڵەتی فەرمی هەبێت و ئەندامیشی هه‌بێ دەستیان لە کاری تیرۆریستی‌دا هەبێ. داوایش ده‌كات، وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە مۆڵەتی حزبەکاندا بکات.
(نازم هەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتیی کوردستانی راگەیاند، ''تیرۆر دیاردەیەکی مەترسیداری جیهانییە، دنیا پێوەی دەناڵێنێت، بۆیە کاتی دەوێت تا بنەبڕ دەکرێت. به باوه‌ڕی من دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بکات بەپێدانی مۆڵەتی حزبه‌كان، چونکە خەریکە لەناو هەندێک حزبدا تیرۆر دەردەکەوێت و کەسێکی تیرۆریست لە پەنای ئەندامبوونی له حزبێکی سیاسی‌دا دەبێتە مەترسی لەسەر ئاسایشی کوردستان''، جه‌ختی كرده‌وه "خۆ ناکرێت حزبێک لە کوردستان مۆڵەتی فەرمیی هەبێت لەولایشەوە ئەندامەکانی دەستیان هەبێت لە کردەوەی تیرۆریستی‌دا، بۆیە وەک ئەندامێکی لێژنەی ناوخۆ ئەم بابەتە بە گرینگ دەزانم و بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەم، چونکە دەبێت حزبەکان لەو بابەتە تێبگەن و لە مەترسییەکانی تیرۆر لە کوردستان و جیهان ئاگادار بن.''
جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه، ''ئه‌گه‌ر حزبێک چەند ئەندامێکی لە كرده‌ی تیرۆرەوە گلابێت، خۆ دەبێت حکوومەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. ئاخر تیرۆریش شێوازی سه‌رده‌می بۆ كرده‌ی تیرۆریستی به‌كار دێنێ و، بۆ تێکدانی ئارامیی کوردستان هه‌ر كارێك ده‌كه‌ن تا گومانیان لێ نه‌كرێت، یه‌كێك له‌و شێوازانه‌یش پەنابردنە بەر حزبەکان و خۆ گونجاندنه له‌گه‌ڵ حزبێكی دیاریكراودا بۆئەوەی ئەوەی مەبەستیانە ئەنجامی بدەن".
گوتیشی: "لە هەمووی مەترسیدارترین ئەوەیە، کە حزبێک پشگیریی کەسێکی تیرۆریست بکات، بۆیە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ لە پێدانی مۆڵەت بە هێزە سیاسییەکان زۆر وریا بێت و بیانخاتە ژێر چاودێرییەوە."
ئه‌م داوایه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره پاش ئه‌وه‌یه كه، تاوانبار (رێبوار وریا ساڵح) كه ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م كه‌ناڵی ئاسمانیی ڕووداوه له هه‌ولێر، به‌پێی دانپێدانانه‌كانی، له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكیه‌وه، به ناوی (سه‌عدی مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان) كه‌سێكی دیكه به ناوی (جوامێر عوسمان عه‌بدوڵا)، كه پێشتر راگه‌یێندرابوو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامین، داڕێژه‌ری پیلانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ن.
کارزان سەباح هەورامی




