كۆنسووڵهكانی ئێران له ههولێر و سلێمانی: "ههڕهشه له هەرێمی کوردستان نەكراوە.. ئێران هەرێم بە دۆستی خۆی دەزانێت"
__2016_07_03_h14m54s24__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- هەردوو کونسووڵەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و سلێمانی، لەگەڵ فەلاح مستەفادا کۆ بوونەوە و، ڕایانگەیاند ئێران هەڕەشە لە هەرێم ناکات و هەرێمی کوردستان بە دۆستی خۆی دەزانێ.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت لە دانیشتنێکدا لەگەڵ هەردوو کونسوڵەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و سلێمانی بە فەرمی ناڕەزایی و نیگەرانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لێدوانەکانی ڕۆژی هەینی 1 تەمووزی 2016 کە لەلایەن حسین سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەڕەشەی وێرانکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردبوو!
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەڕەشە و هێرشی سەربازی بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات و لە سۆنگەی بڕوابوونمان بە ڕێگەچارەی ئاشتی و دیپلۆماسی و پابەندبوونمان بە یاسا نێودەوڵەتیەکان لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێنا بۆ چاسەرکردنی گرفتەکە. بەڵام بە داخەوە تەنها دوو ڕۆژ دوای کۆبوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی وێرانکردنی هەرێمی کوردستانی کرد! ئێمە بە توندی ئەو هەڕەشەیە ڕەت دەکەینەوە و بە هەڵوێستێکی نەگونجاوی دەبینین و دژی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
فەلاح مستەفا گوتی ئەمە پێچەوانەی گفتوگۆی ئەوسا و و ئێستای هەردوو لایە؛ ئەم هەڕەشانە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە پەیوەندییەکان ناکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی باوەڕبوون و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەمای دراوسێیەتی باش و پەیوەندیی درێژخایەن بەردەوام هەوڵی داوە کە فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بێت لە ناوچەکەدا و نەیویستووە و ڕێگەش نادات خاکی هەرێم دژ بە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستاندا بووە. جا بە هیچ شێوەیەک زمانی هەڕەشە قەبووڵ ناکەین.
جێگری کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەیان بە هیچ شێوەیەک نابێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گوتی، ئەم لێدوانە لێکدانەوەی جیای بۆ کراوە. ئێمە خوازیاری ئاشتی و سەقامگیریین بۆ هەرێمی کوردستان و سنووری ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نزیکەی 400 کم درێژە.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سەبارەت بەم لێدوانەش دڵنیاتان دەکەینەوە کە مەبەستی هەرێمی کوردستان نەبووە، بەڵکو ئیمە هێرش دەکەینە سەر هەر خاڵێک کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ کە ئەمەش مافی سروشتی خۆمانە.
جێگری کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروا گوتی، پەیامی ئیمە پەیامی تارانە و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرێمی کوردستان بە دۆستی خۆی دەزانێت و دڵنیا بن پەیامی حکوومەتی هەرێم و نیگەرانییەکانی ئێوە دەگەیێنینە گەورەبەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
هەردوو لا کۆک بوون کە دەکرێ لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەش و بە دیالۆگ گرفتەکان چاسەر بکرێن. لە کۆتاییدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت وێنەیەکی لە دەقی بەیاننامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانەکانی حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەستی هەردوو کونسوڵگەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و سلێمانی کرد.




