حزبی دیموكرات: ریفراندۆم مافی باشووری كوردستانە

هەولێر-KDP.info- حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئاشكرای كرد، پشتگیری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم دەكەن بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی هەرێمی كوردستان؛ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە دەڵێ خەڵكی باشوور مافی خۆیانە ڕیفراندۆم بكەن و پشتیشیان دەگرن.
ڕۆستەم جیهانگیری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند: "حزبی دیموكراتی ئێران پشتیوانی لە خواستی ڕەوای هەر پارچەیەكی دیكەی كوردستان دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلی كورد، بە تایبەت ئەو پرۆسانەی حزب و خەڵكی هەرێمی كوردستان مافی بڕیاردانیان لەسەر هەیە و بە مافی خەڵكی كوردستانی دەزانین."
جیهانگیری دەشڵێ: "ڕیفراندۆم بە مافی ڕەوای هەموو گەلانی جیهان دەزانین و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئەگەر نەك خەڵكی هەرێمی كوردستان كورددانی پارچەكانی دیكەش داوای ڕیفراندۆم بكەن هەر پشتگیرییان لێ دەكەین و تاكە چارەسەرە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد و بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خۆیان."
قائید میرۆ




