چاودێرێکی سیاسی: باشترە یەکێتی و گۆڕان لە جیاتی بەغدا بە پیر پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە بێن

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، ئەوەی خۆی لە ھەرێمی کوردستان جیا بکاتەوە و، بە تەنیا بچێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدادا بکات خەڵکی کوردستان لێی قبوڵ ناکات، بۆیە باشترە یەکێتی و گۆڕان لە جیاتی بەغدا بە پیر پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە بێن و کۆدەنگی بۆ ریفراندۆم دەستەبەر بکەن.
چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ (د.بوخاری عەبدوڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بێت و ھەر لایەنێک خۆی لە ڕای گشتی ھەرێم داببرێت و، بچێت بە تەنیا لەگەڵ عێراقدا گفتوگۆ بکات و، خۆی بە نوێنەری ھەرێم بزانێت و، ھەڵوێستێکی جیای ھەبێت ئەمە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لێی قبووڵ ناکەن."
(د. بوخاری عەبدوڵا) گوتیشی، ئێستا خەڵکی کوردستان دەیەوێت بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ڕیفراندۆم بکات کە چۆن بژیێت و، پەیوەندیی لەوەدوای لەگەڵ عێراقدا چۆن بێت' جا ھەموو خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم ڕایە یەکدەنگن."
دەیشڵێت باشتر بوو شاندی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە جیاتی چوون بۆ بەغدا بە پیر پەیامەکەی سەرۆک بارزانییەوە هاتبان و کۆدەنگیەک دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بکرێت.
(عەبدوڵا) ڕوونیشی کردەوە، تاوەکو کۆدەنگی دروست نەکرێت ئەستەمە بتوانی باس لە ئاماجی گەورە بکەی، بەڵام شتێکی تر ھەیە تاوەکو ئێستا ئێمە بەشێکین لە عێراق ئەمە ھەموو لایەک لەسەری کۆکن؛ ئێمە دەمانەوێت چارەنووسی خۆمان بەو ڕیفراندۆمە دیاری بکەین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر یفراندۆم بکرێت ھەموو خەڵکی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن.
بڵند ئیبراھیم




