فەلاح مستەفا: شانازى دەکەین هەرێمى کوردستان دۆستى زۆری ههیه

ڤیێننا-KDP.info- بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی ههرێمی كوردستان دووپاتی کردەوە کە، هەرێمى کوردستان لەگەڵ بنیاتنانى پردى پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەسەر بنەماى بەرژەوەندیى هاوبەش. دهشڵێت، ''شانازى دەکەین کە هەرێمى کوردستان خاوەن دۆستێکى زۆرە لە سەرتاسەرى جیهان و بەردەوامن لە پشتگیریى هەرێمى کوردستان.''
ئهم گوتانهی (فەلاح مستەفا) لهمیانهی بەشداریدا بوو لە 27ەمین کۆڕبەندى نێودەوڵەتى کرانس مۆنتانا لە ڤیێننا. لە دانیشتنى کردنەوەى کۆڕبەندەکەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، دەربارەى ڕووبەڕووبوونەوە هاوبەشەکانى بەردەم یەکێتیى ئەورووپا و هەرێمى کوردستان و پێویستى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان هەردوولادا وتارێكی دا.
(مستهفا) له گوتارهكهیدا كه ژمارەیەکى زۆر لە بەرپرسانى باڵا لە ئاستى سەرۆکوەزیران و وەزیر و کەسایەتیى سیاسى و ئەکادیمى ئامادە بوون، باسی لە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان کرد لەگەڵ ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەى کە هاتوونەتە پێش لە ڕووى شەڕ دژى تیرۆر کە ئێستا هێزەکانى پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیى جیهان لە هێڵێکى بەرگریى زیاتر لە 1000 کم دهجهنگێ و قوربانى دەدات، هەروەها زیاتر لە 1,8 ملیۆنێك و ههشتسهد ههزار ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەرى سووریا ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، قەیرانى سهختی دارایى كه بەهۆى بڕیارى بەغداوه به بڕینى بەشەبودجەی ههرێمی كوردستان و دابەزینى خێراى نرخى نەوت، هەموو ئەو هۆکارانە کاریگەرى زۆریان هەبووە لەسەر هەرێمى کوردستان.
هەروەها گوتى، ئەمڕۆ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە بەیەکەوە گرێدراوە، بۆیە لە کاتى ڕوودانى هەر کێشەیەک لە هەر شوێنێکدا ئەوا کاریگەرى لەسەر ناوچەکانى تر دەبێت، بۆیە لەسەر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و وڵاتانى ئەندام لە یەکێتىیو ئەوروپا پێویستە پاڵپشتیى مرۆیى و سەربازى هەرێمى کوردستان بکەن و، له زیاتر بەهێزکردنى سیستەمى دیموکراسى و ئابوورییهكهی هاوكاری بكهن.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوهى حکوومەتی ههرێم دووپاتی کردەوە کە، هەرێمى کوردستان لەگەڵ بنیاتنانى پردى پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا لەسەر بنەماى بەرژەوەندیی هاوبەش؛ ئێمە ئێستا شانازى بەوە دەکەین کە هەرێمى کوردستان خاوەن دۆستێکى زۆرە لە سەرتاسەرى جیهان و بەردەوامن لە پشتگیریى هەرێمى کوردستان.
شیاوی ئاماژەیە، باڵیۆز (ژان پۆڵ کارتیگۆن) سەرۆک و دامەزرێنەرى کۆڕبەندى نێودەوڵەتیى کرانس مۆنتانا، لە وتەى دەستپێکدا باسى لە قوربانییەکانى کورد کرد كه لەژێر دەستى ڕژێمى پێشووى (سەددام حوسێن)دا و، پێزانینیشی هەبوو بۆ بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان لە دواى ساڵى 2003ەوە تاوەکو ئێستا.
فەلاح مستەفا بە یاوەریى ئەم كهسایهتیانە بەشدارى لە پانێلى کۆڕبەندى نێودەوڵەتیى کرانس مۆنتانا کرد، (فیلیپ ڤیانۆڤیچ) سەرۆککۆمارى مۆنتینیگرۆ، (بۆیار نیشانى) سەرۆککۆمارى ئەلبانیا، (ڤیستۆر ڤیۆریل پۆنتا) سەرۆکوەزیرانى پێشووى ڕۆمانیا، خاتوو (حەکیمە ئەلحەیانى) وەزیرى ژینگەى مەغریب و (ستیڤان فولە) کۆمسیارى پێشووى باڵاى یەکێتیى ئەورووپا بۆ سیاسەتى دراوسێیەتى و فراوانبوون، (یانژۆنگ لیو) دامەزرێنەر و سەرۆکى ژوورى بازرگانیى ڕێگاى ئاوریشم لە کۆمارى چینى میللى.




