سامانە سروشتییەکان وەڵامی داناگاز و کرێسێنتپەترۆلیۆم دایەوە

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەینێ کە، ڕۆژی 26/6/2016 لە زاری بەرپرسانی کۆمپانیای کرێسێنتپەترۆلیۆم و داناگازەوە وا بڵاو کرابووەوە گوایە "کۆمپانیاکە داوای 11 ملیار دۆلار قەرەبوو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات." ئاژانسەکە زانیاریی هەڵە و ناتەواوی لە لێدوانەکانی مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنتپەترۆلیۆم دەرهێناوە و بڵاوی کردووەتەوە.
دەقی ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان:
١. ئاژانسی بلومبێرگ ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داواکاری هەیە لە دژی دوو کۆمپانیای داناگاز و کرێسێنتپەترۆلیۆم، کە بڕیارە لە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی دادوەری بڕیاری لەسەر بدرێت. داواکارییەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دژەداوایەکی یاساییە لەسەر ئەو زیانانەی کە پێی گەیشتووە، بەهۆی ئەوەی دوو کۆمپانیای ناوبراو دواکەوتوون لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بەپێی گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، کە بووەتە هۆکاری دواکەوتنی پەرەپێدانی ئەو 'گازەڵان'ـانە.
٢. هەرچۆن لە ڕاگەیێندراوێکی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێککەوتی 22/11/2015 بڵاو بووەتەوە، داناگاز و کرێسێنت دانیان بەوەدا ناوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەیسێکی قابلی قبووڵی هەیە لە دژەداواکەیان و، کاری دادوەرییش لەو بارەیەوە بەڕێوە دەچێت و بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵدا گوێ لەو دژەداوایە بگیرێت و بەڵگەکان بخرێنە ڕوو.
٣. دادگا تاوەكو ئێستا دوو بڕیاری نیوەتەواوی داوە کە هیچکامیان مافی دژەداواکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پووچەڵ نەکردووەتەوە. لەو دوو بڕیارەشدا، دادگا لەسەر بابەتە گرینگەکان داوای داواکاران (کرێسێنتپەترۆلیۆم و داناگاز)ی ڕەت کردووەتەوە بەوەی کە داواکاران شیاون بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو گازی سروشتیەی کە ڕۆژانە سەرووی 200ملیۆن پێی سێجایە و دراوە بە وێستەگاکانی کارەبای بازیان و هەولێر. داواکاران داوای وەرگرتنی ملیارێکو300ملیۆن دۆلاریان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ ئەو بڕە گازە.
٤. هەرچۆن لە ڕاگەیاندنی 8/12/2015ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، داوای داناگاز و کرێسێنت لەسەر 11ملیار دۆلار زیان کە بەریان کەوتووە، هیچ بنەمایەکی نییە و، هەمووی خەون و خەیاڵە.
لەکۆتاییدا بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بە هۆی داواکارانەوە پێی کەوتووە.




