٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هاووڵاتیان: جەختکردنەوە لە پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، خیانەتی نیشتیمانییە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- هاووڵاتیانی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان، خۆڕادەستکردنەوەی دوو حزبی کوردستانی بە بەغدا و پشتکردنە خواتە لەمێژینەییەکەیان کە سەربەخۆییە، دەدەنە بە ڕەخنە و دەڵێن، یەکێتی و گۆڕان بەم جەختکردنەوەیان لە پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانییەوە.


"یەکێتی و گۆڕان دوژمن بۆ گەلی کورد زیاد دەکەن"

(نێچیرڤان غەفوور) رۆشنبیر و چاودێری سیاسی دەڵێ: "هاوکات لەگەڵ بانگەوازیی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بۆ خۆسازدان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، كەچی شاندێكی هاوبەش لە یەكێتی و گۆڕان سەردانی بەغدا دەكەن و، جەخت لە یەكپارچەییی خاكی عێراق دەكەنەوە، ئاخر نەدەبووایە ئەو شاندە لەو كاتەدا سەردانی بەغدا بكات، چونكە گەلی كورد خۆی دوژمنی زۆرە، ئەوانیش بەم کارەیان دوژمن بۆ كورد زیاتر دەکەن؛ هەڵبەتە ئەوان هەڵەیەكی مێژووییان كردووە و مێژوویش ڕەحم بە کەس و لایەن ناکات. خۆ بەغدا جگە لە نەهامەتی بۆ گەلی کورد هیچی دیكەی پێ نییە، بۆیە باشترین چارە ئەوەیە لایەنە سیاسییەكان بگەڕێنەوە بۆ دروستکردنی کپدەنگی و یەکڕیزیی نێوانیان و بڕیاردان لە مافی كورد".

سەردانی شاندی یەكێتی و گۆڕان لە كاتێكدایە، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ بانگەوازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەردەبڕن و خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئامادە دەكەن، ئەوەیشی جێگەی نیگەرانییە بۆ خەڵكی كوردستان، ئەو شاندەی یەكێتی و گۆڕان جەختیان لە کارکردن بۆ پاراستنی یەكپارچەییی خاكی عێراق كردووە، ئەو عێراقەی بە درێژایی مێژوو نەهامەتی بووە بۆ گەلی كورد و خوێنی كوردی ڕژاندووە، هەربەوەیش نەوەستاوە، دواجار بوودجە و قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی.

"سەردانی ئەو شاندەیش بۆ بەغدا خیانەتكردنە لە گەلی كورد"

(زكری سادق) کە وەک خۆی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت، بە وردی چاودێریی دۆخی هەنوومەکیی دەکات جەخت دەکاتەوە، "بە درێژایی میژوو كورد خۆی هۆكار بووە بۆ ئەوەی گەلەكەی بە ئاواتەكانی نەگات. سەردانی ئەو شاندەیش بۆ بەغدا خیانەتكردنە لە گەلی كورد، چونكە هۆكارن بۆ تێكدانی ناو ماڵی كورد و بەرگرتن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان. ڕاستی گەلی كورد ئەوە قەبووڵ ناكات و دژیان دەوەستێتەوە، چونكە هەروا ڕازی نابن خوێنی شەهیدان و خەباتی 100 ساڵەی ئەوان بكەوێتە دەستی دوو لایەنەوە و بە كەیفی خۆیان و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یاری چارەنووسیانەوە بكەن".

"بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق هاتووین"

هاوکات (نەزمی شاكر) کە دانیشتوی شارۆچكەی مێرگەسۆرە، گوتی: "ئەگەر وەفدی حكوومەتی هەرێم، یان لایەنە سیاسییەكان هەموویان پێكەوە چووبانە شتێكی زۆر باش دەبوو، بەڵام ئەوەی ئەو دوو لایەنە چوونە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان چوونە، ئەو دوو لایەنە لەگەڵ هەر لایەنێكی عێراقی كۆ بوونەتەوە، باسیان لەوە كردووە كە باسی ڕیفراندۆم نەكەن، ئەوانیش ئاماژەیان بەوە داوە ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین، بەڵكو بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق هاتووین!، دەبووایە ئەو دوو لایەنە ئەو بارودۆخە هەستیارەی هەرێمی كوردستانیان لە پێش چاو بووایە، هەموومان دەزانین دەبێت یەكدەنگ و یەكڕیز بین، بەڵام ئەوانە بۆ بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان هەرچییەكیان بوێت دیارە دەیكەن. ئەگەر ئەو دوو لایەنە وا هەست بكەن ئێدی ئەوا هەن و حیساب بۆ كەس ناكەن، كێشەكان زیاتر دەبن، پێم وایە ئێستایش درەنگ نییە و بە پێویستی دەبینم ئەوانیش لەگەڵ لایەنەكانی دیكە یەكدەنگ بن و یەكڕیزیی لایەنەكان و یەكڕیزیی گەلی كورد بپارێزن."

"هەڵەیەكی زۆر گەورەیە"

(قادر مورشید) كەسایەتیی شارۆچكەی رواندزە و، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوت کە، بەغدا خۆی هیچی نەماوە، قەیران لە دوای قەیران رووی تێدەكات؛ خۆ لەوێ كەس حیساب بۆ ئەوەی دیكە ناكات، چۆن دەشێ دوو حزبی کوردستانی دەست دەخەنە ناو دەستی یەكدی و روو لەو عێراقە کاولبووە دەكەن؟، بەغدا با كێشەكانی خۆی چارە بكات، لە ئێمە بگەڕێت، جارێكی دیكە ئەگەر ئێمە لە دەرگای بەغدا بدەینەوە و بە هۆكاری چارەكردنی كێشەكانی بزانین، ئەوە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە."
ئەو گوتیشی، "ئەو بارودۆخەی لە هەرێم هەیە، کە باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكرێت، بانگەوازی تەنیا لایەنێك نییە، بەڵكو هیی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانە. ئەمە پرسێکی تەواو نیشتیمانییە، پێویستە ئەو لایەنانەیش گوێ لە مافی خەڵك بگرن و  پێكەوە ئاواتی چەند ساڵەی گەلی كورد بێننە دی، نەك خۆیان لە خەڵك جیا بكەنەوە و دژی گەلی خۆیان بوەستنەوە و خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ بدەن."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار