٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بازیانی: دەوڵەتی دیكەش پشتگیریی جیابوونەوە دەكەن.. دزەیی: دەبێت بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- چاودێران و سیاسەتمەدارانی كوردستان پێیان وایە، ئەوەی خەون بە عێراقێكی یەكگرتووەوە دەبینێت، تەنیا گەڕانەوەیە بۆ كارتێكی سووتاو، چونكە ئاییندەی عێراق لە دوای داعش دیار نییە و چاوەڕوانی پارچەپارچەبوونی لێ دەكرێت.

چاودێران و سیاسەتمەدارانی كورد باوەڕیان وایە، ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ ئاییندەی ئەو وڵاتە، چونكە گرفتی دارایی و شەڕی ناوخۆ و پرسی عێراقی دوای داعش، ئەم وڵاتەی خستووەتە بەردەم ئەگەرێكی مەترسیدارەوە، (د. ئەحمەد دزەیی)، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە ئاواتمان ئەوەیە كیانێكی سەربەخۆمان هەبێت، چونكە لە مێژوودا كورد مافی خوراوە و دەبێت بگەیەنە ئاواتی خۆمان و بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین".

(دزەیی) گوتیشی: "لە بنەڕەتدا شتێك نەماوە بە ناوی حكوومەتی عێراقەوە، ئەگەرنا ئەو هەموو قەیرانانە بۆ چارە ناكرێن، دواتر ئەوانەی باسی عێراقی یەكگرتوو دەكەن، دەكرێت بپرسین كوا مافی كورد و پێكهاتەكانی دیكە، كەی ددان بە مافی گەلی كوردستاندا نراوە؟ بۆیە هەردەبێت ئەو گۆڕانكارییە لە عێراق روو بدات، چونكە عێراق كۆنتڕۆڵی نەماوە تا بتوانێت ئیدارەی ئەو هەموو وڵاتە بكات، چارەسەریش ئەوەیە دەبێت دابەش بكرێت".

دەشڵێت: "لە سەرەتادا هەموو وڵاتێك تا دەبێتە خاوەن پێگە پێویستی بەوە هەیە كە قوربانی بدات و گەشە بكات، هەرێمی كوردستانیش لە قۆناغی ئەوەدایە كە سیستەمی دەوڵەت دابنێت و كار بكات لەسەر ستراتیژییەتی داهاتووی خۆی، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ئەو وڵاتانەی كە تازە دروست دەبن".

سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین ئاماژە بەوەیش دەكات: "ئەگەر لە عێراق جیا نەبینەوە، كارەساتەكانی عێراقیش دەكەوێتە سەرشانمان، بۆیە دەبێت بە شێوەیەكی خێرا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین، لە كاتێكدا ئێمە بڕیارمان لەسەر ئابووریی سەربەخۆی خۆمان داوە كە بەداخەوە ڕووبەڕووی گرفتی گەورە هاتینەوە بە تایبەتی پرسی هاتنی داعش و گرفتی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت، ئەگەرنا ئێمە لە سەربەخۆیی ئابووری سەركەوتوو بووین، كە ئەمەیش بارێكی كاتییە و واز لە مافەكانی خۆمان ناهێنین".

ڕوونیشی دەكاتەوە: "هیچ كاتێك ناكرێت لەبەر ئەوەی عێراق پێی خۆش نییە ئێمە دەست لە مافەكانان هەڵبگرین".

هاوكات (د. محەممەد بازیانی)، سەرۆكی سەنتەری هودا بۆ توێژینەوەی سیاسی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا CIAچەند ڕۆژێك پێش ئێستا ئاماژەی بەوە كرد كە شتێك نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتووەوە، عێراق لەوە نزیك بووەتەوە كە سێ دەوڵەتی لێ دروست ببێت، كە ئەمە قسەی كەسێكە لە شوێنێكی هەستیارەوە قسەی كردووە، دواتر (بایدن) جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاندووە كە پێش ئەوەی ببێتە جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، پیشنیازی كردووە كە عێراق ببێتە سێ هەرێم، بۆیە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەڕۆن كە عێراق بە یەكگرتوویی نەماوەتەوە، باشترین كاتیشە بۆ كورد ڕیفراندۆم بكات".

(بازیانی) گوتیشی: "كاتی ئەوەیە هەموومان بەیەكەوە بڕیار بدەین، چونكە دۆخەكە هەستیارە و لە دەستمان دەردەچێت ئەگەر بێت و یەكڕیز نەبین".

سەرۆكی سەنتەری هودا دەشڵێت: "ئەگەر هاتوو كورد بڕیاری سەربەخۆیی بدات، زیاتر لە 10 دەوڵەت پشگیری لە دروستبوونی دەكەن كە ئێمە لە سەنتەری هودا توێژینەوەمان كردووە و دەركەوتووە توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی پشتگیریی دەوڵەتی كوردی دەكات، من لە كەسێكی زۆر نزیكی سەرۆككۆماری توركیام پرسیوە گوتوویانە ئەگەر كورد ببێتە دەوڵەت، ئەوە واقیعە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، دواتر دەوڵەتی ئوردن یەكێكی دیكە دەبێت و وڵاتێكی گرینگە، چونكە ناوەندی هەواڵگریی ئەمەریكا لەوێییە، دواتر دەوڵەتانی سعوودیە و ئیسڕائیل و بەشێكی زۆری میسر و فەلەستین، پشگیریی دەوڵەتی كوردستان دەكەن".

لە لایەكی دیكەوە، (د. خەلیل ئیسماعیل)، مامۆستای زانكۆ و سیاسەتمەدار، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێستا لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، دەبێت بە دوو ئاڕاستە كار بكات، یەكەم گەڕانەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێ بهێنرێت كە عێراقی یەكگرتوو لەوە دەچێت بەسەر چووبێت، بۆیە ئەگەر بیانەوێت شەراكەت قبووڵ بكەن كە وەك باسی دەكەن، دەبێت دراوسێیەتی باشیشیان قبووڵ بێت و رازی بن بە بڕیاری خەڵكی كوردستان

(ئیسماعیل) گوتیشی: "دۆخی عێراق لەو ئاستەدایە كە هەرێمی كوردستان زاڵ بێت بەسەریدا و بتوانێت بابەتەكانی لەگەڵ یەكلا بكاتەوە، چونكە عێراق لە دوای 2003 دەركەوتووە توانای كۆكردنەوەی پێكهاتەكانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا نییە، بۆیە كاتی ئەوەیە كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بدات و بیكاتە كارتێكی واقیعی بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێین كە ویستی گەلی كوردستان ئەمەیە".

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆیه‌ دەشڵێت: "دەبێت هەموو لایەك لەوە دڵنیا ببنەوە كە عێراقی دوای داعش ئارام نابێت و بە یەكپارچەیی نامێنێتەوە، هەروەها دۆخەكە ئاڵۆز دەبێت و تێك دەچێت".

 

كارزان سەباح هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار