نێچیرڤان بارزانی نیگەرانیی خۆی بە شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی پایەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بۆردوومانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەربڕی، كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆریان زیانیان بەركەوتووە و شوێن و جێگەی خۆیان جێهێشتووە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.
لە دیدارێكدا شاندی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی. دواتر باس لە دواپێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بە گشتی و سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی كرا.
لەمبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی بەرانبەر كۆی ڕووداوەكانی ئەم دواییە بەتایبەتی بۆردوومانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە دەربڕی، كە بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆریان زیانیان بەركەوتووە و شوێن و جێگەی خۆیان جێهێشتووە.
هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییە دێرین و مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزرێن و، ڕێگری لە هەر هەوڵێكی دروستكردنی ئاستەنگ لەو پەیوەندیانەدا بكرێت.
جەخت لەوەش كرایەوە كە پێویستە ئەو دیدارانە بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا ڕێگری لەو جۆرە ڕووداوانە بكرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ درزێك لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دروست بكرێت.
تاوتووكردنی دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




