سدیق: گەلی كوردستان لە لكاندنی بە عێراقەوە پرسی پێ نەكراوە.. مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆی هەیە

هەولێر-KDP.info- نووسەر و توێژەری كورد (عەبدولڕەحمان سدیق) دەڵێ، كاتی ئەوەیە مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان بە ڕەوا بزانرێت كە ئەمساڵ (١٠٠) ساڵ تێپەڕ بوو بەسەر بەخشینەوەی خاكی كوردستان بەسەر وڵاتانێكی دروستكراوی ناوچەكە. دەشڵێت، پێویستە هەموومان بە یەكڕیزی و یەكدەنگیی دوور لە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و حزبی و ئایینی، كۆك بین لەسەر ڕەوایەتیی سەربەخۆیی كوردستان.
(عەبدولڕەحمان سدیق)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ریفراندۆم و مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان مافێكی ڕەوای ئێمەیە، بۆیە لەم قۆناغە و لەم سەدەیەدا كاتی ئەوە هاتووە ئێمە هەموو بڕیاربەدەستانی جیهان لەو ڕاستییە بگەیەنین لە سەدەی رابوردوودا سڕینەوەی ناسنامە و زمان و مۆرك و كولتووری كورد لە سایەی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) و (لۆزان)ـدا كارەساتی زۆر گەورەیان بە ڕووی گەلی كوردا هێناوە و، بە هۆی سیاسەتی بەزۆر پێكەوەلكاندن و دابەشكردنی خاك و نیشتمانی كورد، بەڵێ ئێستا كاتی ئەوەیە كە مافی پێكەوەژیانی ئارەزوومەندانە و، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان بە ڕەوا بزانرێت، بە تایبەت لە ئەمساڵدا كە تێپەڕبوونی (١٠٠) ساڵە بەسەر سەرەتاكانی دابەشكردنی خاكی ناوچەكە و، بەخشینەوەی خاكی كوردستانیش بە وڵاتانێكی دروستكراوی ناوچەكە."
(سدیق) گوتیشی: "وا چاكە ئەم جارەیان هەموومان بە یەكڕیزی و یەكدەنگی بێینە ئەم مەیدانەوە و، هەموویشمان دوور لە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و حزبی و ئایینی، كۆك بین لەسەر ڕەوایەتیی سەربەخۆیی كوردستان بە ڕەچاوكردنی ئەو راستییەی كە پێكەوەژیان و پێكەوەبوونی مرۆڤەكان لە بچووكترین بازنەدا هەتا پێكەوەبوونی گەلان لە یەك دەوڵەتدا، ئیرادەی ئازاد و قەبووڵكردنی سەربەستانەی دەوێت، بۆیە پێویستە ئێمە ئەوە بە جیهان بە گشتی و بە بەغدایش بە تایبەتی رابگەیەنین كە گەلی كوردستان لە لكاندنی بەم عێڕاقەوە پرسی راستەقینەی پێ نەكراوە، بۆیە مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆی هەیە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆی و، جۆری ئەو سیستمەیش ئارەزوومەندانە بۆ خۆی و نەتەوە هاوژیانەكانی هەڵیدەبژێرێت."
ئەو نووسەرە لە وەڵامی گۆڕانی دۆخی ناوچەكە بۆ قۆناغێكی نوێ، دەڵێ: " بە دڵنیاییەوە ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و، هەڕەشەی زۆریش دێنە ئاراوە، بەڵام گرینگ ئەوەیە هەموومان پێكەوە هەڕەشەكان بگۆڕین بۆ دەرفەت، چونكە زۆرێك لە گەلانی سەركەوتووی جیهان لە رابردوودا بەو قۆناغە پڕمەترسی و هەڕەشانەدا تێپەڕ بوون و سەركەوتووانەیش لێی دەرچوون، چونكە توانیویانە بە شێوەیەكی ژیرانە هەڕەشەكان بگۆڕن بۆ دەرفەت، ئەمڕۆ ئێمەی كوردستانیان لەم هەرێمەی كە تاكە بەشێكی كوردستانی گەورەیە، هەلی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەستخستنی بڕیاردانی مافی چارەنووسی هەبێت، ئەركی هەموومانە كە هەوڵ بدەین دەرفەتەكان بپارێزین و هەڕەشەكانیش كەم بكەینەوە لە رێگەی چەند هەنگاوێكەوە وەك ناساندنی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر ئێمە و ئەزموونەكەمان و، گەییشتن بە كۆدەنگییەك بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، زیادكردنی هەماهەنگی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و، ڕەتكردنەوەی دووبەرەكیی، ڕوانین لە خاڵە هاوبەشەكان و، كاركردن بۆ ئاییندە و تێپەڕاندنی خاڵەكانی ناكۆكی، هەماهەنگی و هاریكاری بۆ كردنەوەی پەنجەرە داخراوەكان و، پەیڕەوكردنی سیاسەتی نەفەسی درێژ و بەردەوام."
ئەو هەروەها دەشڵێت: "كارێكی باشە هەرچی زووترە دیوانی سەرۆكایەتی، پەیوەندی بە هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە بكات بەپێی بەرنامەیەكی نیشتمانی، چونكە وەك زۆر جاری دیكەیش ئاماژەم پێ كردووە كە لەبەر ئەوەی شەقامی كوردی بە پلەی یەكەم شەقامێكی حزبییە، بۆیە بەرپرسیارەتیی سەرەكی لە ئەستۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستانە. بۆ هێنانەدیی ئیرادەیەكی سیاسی بە مەبەستی خێرا ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەرهەمدار و بەخۆداچوونەوەیەكی قووڵ، بۆ دۆزینەوەی ئەو میكانیزمانەی كە هەرچی زووترە دەبنە هۆی دەربازبوون لەو بارودۆخەی كە لای هەمووان نەخوازراوە. ئەمڕۆ زۆر گرینگە كە حزبە كوردستانییەكان ئەو راستییە وەبیر خۆیان بهێننەوە كە ڕۆڵی حزب وەك لە كاتی ئاشتیدا پێشبڕكییە بۆ بردنەوە، بەڵام لە كاتی قەیراندا پێویستە ڕۆڵی حزب هەوڵدان بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بۆیە ئەخلاقی سیاسیی راست داوامان لێ دەكات كە لە ئەمڕۆدا و، لەم دەوروبەرە پڕكێشەیەی دەرودراوسێمان، دیالۆگ بكەینە میكانیزمی هەمیشەیی و، كێشەكانمان بابەتی بن نەك كەسی، ئاخاوتنمان بە زمانی ڕێزگرتن لە یەكدی بێت، جیاواز بین، بەڵام دژی یەكدی نەبین، ئەو راستییەیش وەبیر خۆمان بێنینەوە كە لە سیاسەتدا سەركەوتنی رەها نییە و، دۆڕاندنی رەهایش نییە، بەڵكو سەركەوتنی راستەقینە لە بەرقەراربوونی ئاشتیدایە و، دانوستانیش لاوازی نییە و، رەتكردنەوەی دانوستانیش ئازایەتی نییە، چونكە ئەمڕۆ رۆژی نواندنی حیكمەتە لە بیر و كرداردا، رۆژی سیاسەتی دەرگای كراوەیە بە ڕووی یەكدیدا، رۆژی دۆزینەوەی رێگای پەسەندكراوە لەنێو رێگاكاندا، جا لە پێناوی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسیدا، با كار بكەین لە ڕێگەی پاراستنی ئاساییشی گشتی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و یەكبوونی نیشتمانی و، نزیكبوون لە گوتاری كولتووری دەوڵەتداری و، خۆپاراستن لە پەیڕەوكردنی ستراتیژییەتی دوودڵی و ڕاڕایی سیاسی، بۆیە ئەمڕۆ پێویستیمان بە سیاسەتی نەفەسی درێژ هەیە بۆ گەیاندنی ئەم ئەزموونەمان بە كەناری ئارامی."
فایزە پاڵانی




