٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەركی: هیچ بیانوویەك نییە بۆ تۆپباران كردن.. عەریف لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوداین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- تۆپبارانەكەی دوێنێ لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران، جگە لە ئاوارەبوونی دەیان خێزان و بریندار بوونی 5 هاووڵاتی كە سێ كەس لەوانە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر كراون، زیانێكی زۆری دارایی بە ناوچەكە گەیاندووە.

(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ڕەوشی ناوچەكە ئارامە، بەڵام بە هۆی تۆپبارانەكەی دوێنێوە زیاتر لە 30 خێزان كە زۆربەیان ڕەوەند و كۆچبەرەكان بوون، ئاوارە بوونە و تا ئێستا لە ترسی تۆپباران نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

(عەریف) گوتیشی: "جگە لەوەی چەندین سەرئاژەڵ بریندار بوون و پوش و پاوانێكی زۆر سووتا، 5 كەسیش بریندار ببوون، كە 3 لەو كەسانە ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی هەولێر كراون، بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

ئەوەشی گوت كە: "ئێمە هەموومان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ناوچەكە تۆپباران نەكرێت، لەگەڵ ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوداین بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو".

لە لایەكی دیكەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هیچ بیانوویەك نییە بۆ ئەوەی ئێران سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران بكات، لەبەر ئەوەی حیزبی دیموكرات هیچ چالاكییەكی لەحاجی ئۆمەران و سیدەكان نییە تاوەكو بۆردوومان بكرێن".

گوتیشی، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بێدەنگ نەبێت لەو تۆپبارانە هەڕەمەكییە لەلایەن ئێرانەوە كە خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی و زیانی ماددیی زۆریان بەركەوتووە، لە كاتێكدا كە هیچ تاوانێكیان نییە، بۆیە پێویستە كارێك بكرێت ئەو بۆردوومانە رابگیرێت".

(هەركی) ڕوونیشی كردەوە: "پێویستە ئێمەیش وەكو لیژنەی ناوخۆ سەردانی ئەوناوچانە بكەین و زیانەكان لە راپۆرتێكدا بخەینە ڕوو هەم بۆ حكوومەتی هەرێم و هەمیش بۆ كۆنسووڵی ئێران، بۆ ئەوەی بزانن كە چ زیانێكی هەیە و سنورێكی بۆ دابنرێت".

دەشڵێت: "جگە لە حكوومەتی هەرێم، پێویستە حكوومەتی عێراقیش باڵیۆزی ئێران ئاگادار بكاتەوە كە چیتر سنوورەكانی هەرێم بۆردوومان نەكەن، بۆ ئەوەی زیاتر خەڵكی هەرێم نەبێتە قوربانیی ململانێی سیاسی".

باسی لەوەیش كرد، ناكرێت حیزبی دیموكرات لە رۆژهەڵات چالاكی ئەنجام بدات، ئێران سنوورەكانی هەرێم بۆردوومان بكات.

 

رابین شێروانی – بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار