130 كچە ئێزدی چوونه ڕێزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگەوه

زاخۆ -KDP.info- نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی له فراكسیۆنە زهردەکەی په‌رله‌مانی كوردستاندا دەڵێ ئەو کۆمەڵە ئافره‌تە كوردە ئێزدییەی ماوەیەک مەشق دادەرێن و، ڕاهاتوونە، وا ئێستا بوونە بەشێک لە هێزی پێشمەرگە؛ ئەو پۆلە پێشمەرگە، ناویان لێ نراوە 'كچانی ڕۆژ'.
(شێخ شامۆ) نوێنه‌ری كوردانی ئێزدی له فراكسیۆنە زهردەکەی په‌رله‌مانی كوردستان، بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەلێ دڵخۆشین؛ ئاخر ئه‌م پێنجشه‌ممه‌ی حازرییە، نوێنه‌ری (سه‌رۆك بارزانی) و فه‌رمانده‌یی شنگال و فه‌رمانده‌یی فێرگه و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی و ڕۆشنبیری و له‌شكری و سكرتاریه‌تی ئافره‌تان هاتبوون بۆ زاخۆ هەتا ئەو 130 ئافره‌تە كوردە ئیزدییە پێشمەرگەیە ببینن وا لە مەشق و ڕاهێنان بوونەتەوە و، چوونە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە؛ دەستەی (كچی ڕۆژ) خولی سه‌ربازیی ڕزگاریی شنگالیان بینیوە؛ سه‌ر به فه‌رمانده‌یی شنگال ده‌بن. دیارە ئەو ئافرەتانە له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی له‌شكری و چاودێریی جه‌نابی سه‌رۆك، به شێوه‌یه‌كی زانستی مەشق دادراون و، ڕاهێنراون؛ ئەوە یەکەم جارە شتێکی لەوە شێوەیە بکرێت."
(شامۆ) گوتیشی: "ده‌رچوونی ئه‌م پۆله كچە ئیزدییەی بوونەتە بەشێک لە هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، په‌یامێكه بۆ نه‌یارانی كوردستان كه میلله‌تی كورد ته‌سلیمی هیچ دژمنێك نابێت؛ ژنی كورد و به تایبه‌تیش ژنانی ئیزدی كه ناخۆشییەکی زۆریان کێشاوە بە ده‌ستی ئەو داعشە تیرۆریستە دڕندانەوە، وا بە شێوەی زانستی سه‌ربازی خۆیان چه‌كدار ده‌كەن؛ چه‌ك هه‌ڵده‌گرن و، شانبەشانی پێشمه‌رگه ده‌ڕۆن و، خۆیان و شنگالیش دەپارێزن؛ ئەمە كارێكی زۆر پیرۆزه و ده‌بێته بناغه‌یه‌ك بۆ كچە ئێزدییەکانی تریش؛ بەو هاتنەیان بۆ ناو پێشمه‌رگایه‌تی و ئاسایشپارێزی سەلماندیان چەندە ئازانە و، هیچیان لە براکانیان کەمتر نییە."
نەشوان بەرزنجی




