٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەربەندی: چاودێریی پەیەدە دەكەین.. بڕیارە ئەمڕۆ وەڵاممان بدەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نوێنەری (سەرۆك بارزانی) بۆ كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەڵێ: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خەمی رۆژئاوای كوردستاندایە و، وەك چاودێریش ئاگاداری پەیەدە دەبین بۆ ئەوەی قۆرخكاری لە سنوورەكاندا نەكات".

(حەمید دەربەندی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) پشتیوانی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان بووە، زۆر جار گوتوومە لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی گه‌لانی سووریا (بارزانی) ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە یەكخستن و نزیككردنەوەی لایەنەكان و یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست ئەوە نەكراوە".

(دەربەندی) گوتیشی: "ماوەیەك پێش ئێستا لەبەر بەرژەوەندیی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان، دەروازەی سنووری ڕۆژئاوای كوردستان كرایەوە كە تێیدا دەرمان و خۆراك و پێداویستی نێردرایە رۆژئاوا، لەم رۆژانەیشدا هەواڵمان بۆ هات كە خەڵكێكی زۆر لە سنووری رۆژئاوا كە كاروباری مەڕداری دەكەن و مەڕوماڵاتێكی زۆریان بەسەردا مابووەوە، بۆیە دەروازەی سنووریان بەسەردا كرایەوە بۆ ئەوەی بتوانن مەڕوماڵاتی خۆیان بهێنن بۆ باشوور و بیفرۆشن یان سوودی لێ وەربگرن".

دەشڵێت: "پەیەدە قۆرخكاریی زۆری كردووە لە سنووری رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەم جارە ئاگادارمان كردوونەتەوە، چونكە لەم رۆژانەدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون كەلوپەلە خۆراكییەكان وەك شەكر و برنج كە بازرگانەكان دەیبەن، ئەوان لێیان وەربگرن و بۆ خۆیان مامەڵەی پێوە بكەن لە بازاڕدا، بەڵام دوای ئەوەی بەرپرسی خاڵی سنووری پیشابوور لەگەڵیان دانیشتبوو و ئەو بابەتە چارە كرا و بازرگانەكان كاروباری خۆیان دەكەن".

لەبارەی بڕیاری (سەرۆك بارزانی) بۆ كردنەوەی سنووری رۆژئاوا بۆ مەڕدار و خاوەنی كێڵگەكان كە گوایە دوای بڕیارەكە پەیەدە دەستی بە وەرگرتنی باج كردووە، (حەمید دەربەندی) ڕوونی كردەوە: "خەڵكی رۆژئاوا ئاگاداری (شەوكەت بەربەهاری) بەڕێوەبەری گومرگی پیشابووریان كردبووەوە كە پەیەدە باج لە مەڕوماڵات وەردەگرێت، بۆیە ئێمەیش بە شێوەیەكی خێرا ئاگاداری پەیەدەمان كردووەتەوە تا بزانین راستیی ئەو بابەتە چۆنە، ئەگەر باج وەردەگرن، با بزانین، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ وەڵاممان بدەنەوە".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار