سوپای پاسداران دەورووبەری مەهاباد و مهریوانی تۆپباران کرد

ههولێر-KDP.info- دوێنێ هەینی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران لە مەهاباد رووی دا و، تۆپبارانەکانی سوپای پاسداران بۆسەر هەندێک لە گوندەکانی ئەو شارە لە نیوەڕۆوە تا 11ی شەو درێژەی کێشاوە.
(رۆستەم جەهانگیری) ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران به حهفتهنامهی "وشە"ی ڕاگهیاندووه، رژێمی ئێران بە چەکی قورسی جۆراوجۆر ناوچە شاخاوییەکانی مەهاباد لە ناوچەی مەنگوڕایەتی تۆپباران کردووە.
سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەو رووبەڕووبوونەوەیە، (جەهانگیری) هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو و گوتی و، هەر کاتێک بە تەواوی زانیارییەکانیان پێگەیشت ئەوا بۆ میدیاکان ئاشکرای دەکەن.
دەگوترێت لەو شەڕەدا ژمارەیەک جاش و پاسدار کوژراون، بەڵام (جەهانگیری) دەڵێت ناتوانن ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەو بەرپرسەی "حدکا" ئاماژەی پێکرد، شەڕەکە لە نیوەڕۆوە دەستی پێکردووە و سوپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی "لەندی شێخان" و "بنگوێن"ی بە توندی تۆپباران کردووە.
ئاژانسی فەرمیی حکوومەتی ئێران "ئیرنا"ش سەبارەت بەو رووداوە هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی دوای ئەوی هێزەکانی سوپای پاسداران زانیویانە کۆمەڵێک پێشمەرگە چوونەتە یەکێک لە گوندەکلانی مەهاباد رووبەڕووبوونەوە رووی داوە.
حکوومەتی ئێرانیش هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە ئەنجامەکانی رووداوەکە نەخستووەتەڕوو.
ماوەیەکە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکییەکانی خۆی لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتەوە و بەرپرسانی ئەو حزبەش پێداگری لەوە دەکەن کە مەبەست لە ناردنەوەی هێزەکانیان بۆ ناوخۆ بەمەبەستی کاری تەشکیلاتییە و هەر کاتێک هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
حەفتەی رابردوویش لە شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ لە نێوان سوپای پاسداران و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رووی دا کە بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی بەرچاو لە جاش و پاسدارەکانی ئێران کوژران کە هەندێکیان پلەی بەرزییان هەبوو.
به گوێرهی زانیاریی مێدیایی، لە ناوچەی مەریوانیش شەڕ و تێكھەڵچوون لەنێوان پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و سوپای پاسداران روویداوە و، تاكوو ئێستا زیانە گیانییەكانی ئەم شەڕە ئاشكرا نەكراون.
زانیارییهكان ئاماژهیش دهدهن، پاش ئهو تێكههڵچوونهی نێوان حدك و سوپای پاسدارن، كۆماری ئیسلامی، ناوچه شاخاوییهكانی مهریوانی كردووهته ئامانجی تۆپهاوێژهكانی.




