"ھەندێک لایەن هەر بۆ موزایهدە، کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکانیان گەورە کردووەتەوە"
_(1)__2016_06_22_h19m58s8__HK.jpg)
دهۆک-KDP.info- نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، کێشەی زەویوزاری پێکھاتەی مەسیحی لە سنووری پارێزگای دھۆک چارەسەر کراوە و تەنھا دوو گوند ماوە ئەوەش ڕاپۆرتێکیان دروست کردووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.
(وەحیدە یاقۆ ھورمز) نوێنەری پێکھاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری پێکھاتەی مەسیحی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەموو زەوییەکی مەسیحییەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و خەڵکەکەی دیکەش قەرەبوو بکرێنەوە؛ بەو مەبەستەش لیژنەیەک دروست کراوە کە خۆم ئەندامی ئەو لیژنەیەم و کێشەکە زۆری لێ چارەسەر کراوە و، تەنھا دوو گوند ماوە، بۆیە ڕاپۆرتێکیان ئامادە کردووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن کە خۆیان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، لەبەر ئەوەی کێشەکە کۆنە و قەربووکردنەوەکەش گەلێک زۆرە، بۆیە بەم زووانە ڕاپۆرتی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت دەکەن."
(وەحیدە یاقۆ ھورمز) گوتیشی، ئەو کێشەیە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئایین و پێکھاتەکانەوە نییە و کێشەی کۆمەڵایەتییە؛ هەر لە نێوان مەسیحی و مسڵمان نییە، بەڵکو لە نێو مسڵمانان خۆیشیاندا ئەو کێشەیە ھەیە، بەڵام ھەندێک لایەن دەیانەوێت ئەو کێشانە بۆ مزایەدەی سیاسی خۆیان بەکار بھێنن، بەڵام ناتوانن سەرکەوتوو بن لەبەر ئەوەی خەریکە کێشەکە بە تەواوەتی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت چارە دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




