٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"كوردستان ئامادەی سەربەخۆییە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەكی یاسای نێودەوڵەتی دەڵێ، دوو یاسای گرینگ سەبارەت بە دەوڵەت هەن، یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و یاسای دەستووری، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، هەرێمی كوردستان توخمەكانی بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی تێدا بەدی دەكرێن، لە ڕوانگای یاسای دەستوورییشەوە، شاییستەی دەوڵەتێكی سەربەخۆیە.

(د. عەدنان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكوراتی كوردستانی راگەیاند: "زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە نەتەوەی كورد پێك هاتووە، بۆیە ئەركی گەورەی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، كەوتووەتە ئەستۆی كوردەوە. كاتێكیش باسی مافی كورد دەكرێت لە دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا لەسەر ڕووبەری هەرێمی كوردستان، مانای ئەوە ناگەیێنێت كەوا ئەو دەوڵەتە تەنیا بۆ كوردەكانە، بەڵكە مافی پێكهاتەكانی دیكەیش پێشێل ناكرێت، هەروەكو لە ساڵی 1991ـەوە تاكو ئێستا میللەتی كورد بە جیهانی نیشان داوە كەوا پارێزەری مافی هەموو پێكهاتەكانی تری هەرێمی كوردستانە."

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "دوو یاسای گرینگ هەن لە بابەتی دەوڵەت دەكۆڵەنەوە، ئەوانیش یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و یاسای دەستوورین. جا بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، هەرێمی كوردستان هەموو توخمەكانی بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی تێدا بەدی دەكرێن، هەروەها لە ڕوانگەی یاسای دەستوورییشەوە، هەرێمی كوردستان شاییستەی بوون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەیە. ئەوەی زۆر گرینگە، ئاماژەدانە بە میكانیزمی یاسایی بەدەستهێنانی ئەو سەربەخۆییە، ئەویش لە ڕێگەی ڕیفراندۆم و بڕیاردانی چارەنووسە. ڕیفراندۆمیش یەكێكە لە گرینگترین شێوازەكانی وەرگرتنی ڕای گەل بۆ سەرپشككردنی لە نێوان سەربەخۆییی وڵاتی خۆی یان مانەوە لەگەڵ وڵاتێكی تردا."

ئەو مامۆستایەی زانكۆ، ئاماژەی بەوەش دا: "كەواتە پێویستە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی بڕیاردانی چارەنووس ئەنجام بدات بە چاودێریی ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی. دەیشبێت ئەمە یەكەم هەنگاوی ئاشكرای بەرەو بەدەوڵەتبوونی هەرێمی كوردستان بێت، پاش ئامادەییەكی باش لە بانگەوازكردن بۆ دەنگدان بە بەڵێ و ڕێژەی زۆری بەشداریكردنی خەڵكی كوردستان، تا ببێتە پاڵپشتێكی باش لە بەرامبەر ڕای نێوخۆیی عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش، چونكە ئەولەوییەتی سەرەكیی (سەرۆك بارزانی)، بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی كوردستان بووە و ئیمەی كوردیش سنوورەكانمان بە خوێن دیاری كراون."

فایزە پاڵانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار