دیندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی دەستەی لێكۆڵەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین

هەولێر-KDP.info- دەستەیەكی لێكۆڵەری نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە سووریا، بە سەرۆكایەتیی (پاولۆ سێرجیۆ بینیریۆ) كە ئەركیان لێكۆڵینەوەی تایبەتە؛ ناوەڕۆكی راپۆرتێكی ئاشكرا كرد كە سەبارەت بە قڕكردنی ئێزدییەكان لەلایەن دەستەكەوە ئامادە كرابوو و، تێیدا پشتڕاستیان كردووەتەوە كە داعش ئێزدییەكانی قڕكردووە، (دینداری زێباری)ـیش ڕایگەیاند، پێشوازی لە راپۆرتی دەستەی لێكۆڵەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن.
(د. دیندار زێباری)، سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند: "ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێك دەكەین كە لە هەر لایەنێكی نێودەوڵەتییەوە بدرێت سەبارەت بە بەجینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتەی بەرانبەر بە كوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجام دراوە".
(زێباری) ئاماژەی بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە رزگاركردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزدیانەی كە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون و لەم بارەیەوە گوتی: "دوای دەستدرێژییەكانی داعش و ئەو كارەساتەی رووبەرووی كوردانی ئێزدی بووەوە، سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خۆی خستە گەڕ بۆ یارمەتیدانی كوردانی ئێزدی، بە تایبەتی ئەوانەی لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، بۆ ئەم مەبەستەیش لە رۆژی 25/11/2014 لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزدییە رفێندراوەكان و بوودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ئازادكردنیان و لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانە تا رێككەوتی ٢٤/3/2016 ئەوانەی رزگار كراون بەم شێوەیە بوو: (٢٥٧٥) كەسن، لەوانە (٩٣٠) ئافرەت و (٣٢٥) پیاو، (٦٥٣) منداڵ كچ و (٦٦٧) منداڵی كوڕ و هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ رزگاركردنی ئەوانەی لە دەست داعشدا ماون، هەروەها دوای ئازادكردنیشیان حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی زۆری ئازادكراوەكان دەكات بە تایبەتی ئافرەتەكان كە دووچاری حاڵەتێكی دەروونی سەخت بوونەتەوە بۆ دووبارە شیاندنەوەیان و دەستپێكردنی ژیانی ئاسایی خۆیان".
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسەكەیش، (زێباری) ئاماژەی دا: "حكوومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە كە پێك هاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وەك شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەری یاساناسیی ئێزدییەكان. ئەركی سەرەكی ئەم لیژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دۆكیومێنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و تا ئێستایش بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆ كراونەتەوە، هەروەها چەندین لیژنەی لاوەكی دامەزراون لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لە ئەمەریكا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، یەكێتیی ئەورووپا، ئەم لیژنانەیش دەستیان بە كارەكانیان كردووە بۆ ناساندنی ئەم كەیسە وەك جینۆساید و پێشكەشكردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.
شایەنی باسە، رۆژی ١٦/٦/٢٠١٦ دەستەیەكی لێكۆڵەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كارانەی داعش بەرانبەر بە ئێزدییەكان ئەنجامی داوە لە كوشتن و رفاندن و بێسەروشوێنكردن و فرۆشتنی ئافرەتانیان، ئامانج لێی قڕكردن بووە و داوا له وڵاتە زلهێزەكان دەكات كە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ ئازادكردنی ئەو ئێزدیانەی ئێستاش لە دەست داعشدا ماون، هەروەها داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە ئەم كەیسە بدرێتە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای.




