٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دهۆك ناتوانێت ئاوارەی زیاتر وەربگرێت.. بەغدا لێی بەرپرسە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- ئەندامێكی هاریكار لە لیژنەی كۆچ و كۆچبەرانی ‌ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رایدەگەیێنێت، لە دهۆك هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ هاتنی ئاوارەی زۆرتر و ناتوانێت ئاوارەی زیاتر وەربگرێت، چونكە هاتنی ئاوارەی زیاتر لە مووسڵەوە، بەغدا لێی بەرپرسە.

(شیمال عادل میرۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند‌: "پارێزگای دهۆك توانای ئەوەی نییە كەمپ بۆ ئاوارەی زیاتر دروست بكات و وەریان بگرێت ئەوانەی كە لە مووسڵەوە روو لە پارێزگای دهۆك دەكەن، ئەگەریش بێن ئەوا حكوومەتی ناوەندی دەبێت بەرپرسیارەتیی هاتنیان بگرێتە ئەستۆ و ئەوان بێنە سەر خەت، چونكە هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە و تا ئێستا ئامادە نین، لەبەر ئەوەی باری ئابووریمان بەو شێوەیە نییە تا ئامادەكاری بكەین و كەمپ دروست بكەین".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك گوتیشی: "ئەو كەمپانەی هەن و دروست دەكرێن، هێشتا بۆ ئاوارەكانی تری سنووری پارێزگای دهۆكن و جێگایان نییە و لە كرێدا بوون و دەرچوونە، ئێستایش داوای كەمپ دەكەن كە هاوكارییەكانیش زیاتر لەناو كەمپدا پێیان دەدرێت."

(میرۆ) دەشڵێت: "لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری لێیە و لە 22 كەمپدا نیشتەجێ كراون."

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار