"ئەو پۆلیسانەی لە بەرەكانی جەنگن، مووچەی تەواویان پێ دەدرێت"

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، لیژنەیەك دروست كراوە بۆ بەدواداچوونى ئەو پۆلیسانەی پاسەوانن و لە بەرەكانی جەنگ دەوام دەكەن، هەر كاتێك ئەو لیژنەیە كاری خۆی تەواو كرد، پاشەكەوتكردن لە مووچەیان هاوشێوەی پێشمەرگە و ئاساییش، نامێنێت و مووچەیان بە تەواوەتی پێ دەدرێت.
(نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەك دروست كراوە و دەچێتە بەرەكانی جەنگ بۆ ئەوەی بزانێت كێن ئەوانەی پۆلیسی پاسەوانن و كێن ئەوانەى لە ناوشار پاسەوانی دەكەن، بۆیە راپۆرتێك لەم بارەیەوە ئامادە دەكەن و دەیدەن بە وەزارەتی ناوخۆ و دواتر ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكرێت".
(هەركی) گوتیشی: "ئەوانەی لە بەرەكانی جەنگن، مووچەی تەواویان پێ دەدرێت و هاوشێوەی پێشمەرگە و ئاسایش و ئەوانەی لە ناوشاریشن ٣٥%ـی مووچەكانیان پاشەكەوت دەكرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ دهشڵێت، بەدواداچوونم كردووە و بریكاری وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندووم هەر كاتێك لیژنەكە كاری خۆی تەواو بكات، پاشكەوتی مووچەیان نامێنێت".
بڵند ئیبراهیم




