''یاساى دژه‌تیرۆر به‌بێ په‌رله‌مانیش درێژ ده‌كرێته‌وه''

هەولێر-KDP.info- جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ له په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، به‌هۆی گرینگیی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرەوە، ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌كی بوشایی یاسایی دروستبێت و له دوو رێگاوه ده‌توانرێ درێژ بكرێته‌وه، بۆیه ناكه‌وینه بوشایی یاسایی و درێژ ده‌كرێته‌وه.
(نازم كه‌بیر) به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "یاسای ژماره 3ـى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له ساڵی 2006 ده‌رچووه و تایبه‌تمەندیی خۆی هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ر دوو ساڵ جارێك یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر درێژ ده‌كرێته‌وه، له مانگی دابێ واده‌ی یاساكه ته‌واو ده‌بێت و پێویستی به درێژكردنه‌وه هه‌یه بۆ ساڵی دابێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانیش راگیراون، له په‌رله‌مان درێژ ناكریته‌وه."
(كه‌بیر) گوتیشى: "به‌هۆی گرینگیی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ناكرێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆشایی یاسایی دروست ببێت و هەڵبەتە له دوو رێگاوه ده‌توانرێ درێژ بكرێته‌وه، رێگا‌ی یه‌كه‌م ئه‌نجوومه‌نی شورای هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر درێژ بكاته‌وه، رێگا‌ی دووه‌میش حكوومه‌تی هه‌رێم له رێگا‌ی یاسای كارگێڕییەوە ده‌توانێ چه‌ند ئه‌نزیمه‌یه‌ك ده‌ربكات هاوشێوه‌ى ئه‌م یاسایه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌كه‌وینه بۆشایى یاساییه‌وه."
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ ده‌شڵێت، هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووەته به‌ر په‌لاماری دڕه‌نده‌ترین ریكخراوی تیرۆریستی له جیهان، ئه‌ویش گرووپی تیرۆریستی داعشه كه ئێستا بە درێژایی زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر لەگەڵیدا بەرەوڕووین، بۆیه ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان وا ده‌خوازێ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر درێژ بكرێته‌وه، ئه‌ویش بۆ به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی خاكی هه‌رێمی كوردستان.
قائید میرۆ




