٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و، ناهێڵین بیکەنە هەرێم"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك -KDP.info-   بەرپرسانی حزبی و حكوومی پێیان وایە ئەوە دانیشتووانی كەركووكن بڕیار دەدەن كە بگەڕیتەوە سەر هەرێم یان ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ؛ كەس بۆی نییە خۆی بە کەرکووکەوە هەڵبنێت (؛ مزایەدە بە كەركووكەوە بكات) و بیەوێ دایببڕێنێ. ئاشكرایش بووە لە 2005ـەوە ئەو هەرێم‌هەرێمەیان گەڵاڵە کردووە.

چەند ڕۆژێك لەمەوبەر (نەجمەدین كەریم) پاریزگاری كەركووك باسی گوایە هەرێمی کەركووكی خستە گۆڕێ! چەندین كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ چارەنووسی كەركووك و داهاتووی ئەو شارە بە دەەستی خەڵكی كەركووكەوەیە و دانیشتوانەكەی بریاری لەسەر دەدەن، یان دەستی دەرەکی و ئەم و ئەو؟ 

کەمال کەرکووکی: هەر بۆچوونێك بیەوێ كەركووك لە كوردستان جیا بكاتەوە، بەرپەرچی دەدەینەوە

(كەمال كەركووكی) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كەركووك پارچەیەكی دانەبڕاوە لە خاكی كوردستان؛ بە هیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ پاساوێكدا نابێ باسی سڕینەوەی كوردستانەتییەکەی كەركووك بكرێت. ئەم پرۆژەیەی هەرێم‌هەرێمانەش وا باسی لێوە دەكرێت ئەمە یەكێكە لەو (5) پێشنیارەی ساڵی 2005ـی لایەنێكی سیاسی، كە دژ بەمافی گەلی كوردستان و كوردستانیبوونی كەركووك بوو؛ ئەم بۆچوونەی ئێستا قسەی نەیارانی پێكەوەژیان و نەیارانی ئاشتی و بەرەوسەربەخۆبوونی كوردستانە."

گوتیشی: "هەر بۆچوونێك بیەوێ كەركووك لە كوردستان جیا بكاتەوە، بەرپەرچی دەدەینەوە. هەندێك بۆچوونیش هەیە دەڵێ دەبێ خەڵی كەركووك بڕیار بدا كە كەركووك لەگەڵ بەغدا بێت یان لەگەڵ هەرێم یانیش سەربەخۆ، بەڵام ئەوەش هەر بەتاڵە. لە ڕیفراندۆمەکەدا دەبێ لە خەڵكی كەركووك پرسیار بكرێت كە لەگەڵ كوردستاندا دەبن یان نا؛ هەر پرسیارەیە و بەس."

قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك: بەهەرێمكردنی كەركووك مەترسییەکی یەكجار گەورەی بە دواوەیە

(ئەحمەد عەسكەری)‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك لە لیستی یەكێتی بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵكی كەركووك ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بڕیاردان لەوەی كە ببن بە هەرێمێكی سەربەخۆ یان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یانیش لەگەڵ بەغدادا بمێننەوە، بڕیارەكە بەدەست خەڵكی كەركووكەوەیە."

قایمقامی قەزای ناوەندیی كەركووك (كامیل ساڵەیی) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی شارەكە پێوەستتە بە كەركووكییەكانەوە، بەڵام ئاخۆ كە بڕیار دراوە بكرێت بە هەرێمیكی سەربەخۆ پرس بە كەركووكییەكان كراوە؟ بێگومان نەخێر! چونكە تائێستا هیچ ڕاپرسییەك نەكراوە تا خەڵكی كەركووك داوا بكەن بكرێت بە هەرێمیكی سەربەخۆ یام نە؟"

گوتیشی: "بەهەرێمكردنی كەركووك مەترسییەکی یەكجار گەورەی بە دواوەیە. خەڵكی كەركووكیش بەردەوام داوا دەكەن بگەڕێنەوە بۆباوەشی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی یاسایی."

دوای هێرشهێنانی داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە سنوورەكانی كەركووك دەپارێزی بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە. نەوتی كەركووكیش بەدەست هەرێمەوەیە بەڵام بە بڕیاری بەغدا چەند مانگێكە هەناردەکردنەكەی ڕاگیراوە و ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی عێراق هیچ شایستەیەكی دارایی بۆ ئەو شارە ڕەوانە نەكردووە. چاودێرانیش پێیان وایە ئەگەر شاری كەركووك بکرێتە هەرێم ڕەوشەكەی زۆر لە ئێستا خراپتر بێت و تەنها بۆ بەرژەوەندیی كەسیە.

لێرەدا (د.كەمال كەركووكی) دەڵێت: "دوای ئەوەی داعش پەلاماری عێراقی دا و مووسڵ و حەویجە و چەند شوێنێكی تریشی داگیر كرد، ئەوە پێشمەرگەی كوردستان بوو وەكو قەڵغانێك بەری بە داعش گرت و دانیشتووانی كەركووكی بە گشت پێكهاتەكانیەوە پاراست. بەڵام گریمان كەركووك ئەو هەرێمە سەربەخۆیە بووبایە خۆ وەك و فەلووجە و ڕومادی و تكریت و مووسڵی لێ دەهات. بەڵام ئەوە خەڵكی كوردستان و هێزی پیشمەرگە بوو كە كەركووكیان پاراست."

ڕوونیشی كردەوە: "مادەی 140 كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە، دەڵێ ڕیفراندۆم بكرێت، کەچی ئەم مادەیە پشتگوێ خراوە؛ بەرلەوەی داعش هێرش بكات ئەم ناوچەیە لە دەست پۆلیس و سوپای عێراق و هێزەكانی سەحوەوە بوو، بەڵام كە داعش هێرشی كرد نەوەك هەر بەرگرییان نەكرد، بەڵكو هەرچی تۆپ و تانك و چەكیشیان هەبوو جێیان هێشت بۆ داعش؛ ئاخر چۆن دەبێ و چ مەنتیقێكە دوای ئەو گیانفیداییەی هیزی پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی داعش بێی بە شێوەیەكی تر هەوڵی گەڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بدەی!"

ئەحمەد عەسكەری: بەهەرێمكردنی كەركووك بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە

لێرەدا (ئەحمەد عەسكەری)‌ دەڵێت: "بەهەرێمكردنی كەركووك بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا نییە، كوردستانیەتی كەركووك بە جیاكردنەوەی نییە و دەبێ بە كۆكردنەوەی بێت لەگەڵ هەرێمدا؛ بەڵام خەڵكی كەركووكیش مافی خۆیانە بیر لەوە بكەنەوە لە بەهەرێمبووندا قازانجیان چییە و هەرێمی كوردستا تائێستا چەندە پابەند بووە بە ئەركەكانی بەرانبەر بە كەركووكییەكان. بەتایبەت لە شایستە داراییەكان و لە ڕەوشە ئیدارییەكەی و خزمەتگوزاریەكانیەوە."

گوتیشی: "لایەنی توركمان و عەرەب لە كەركووك ڕای جیاوازی خۆیان هەیە؛ بەڵام كاتێك پێشمەرگە سنورەكان دەپارێزێ و نەوتی كەركووك بەدەستی هەرێمەوەیە دەبێ بپرسین كە پابەندبوونەكانی هەرێم چی بووە؟"

كامیل ساڵەیی ڕوونی كردەوە "هەر لە سەرەتاوە جەنابی سەرۆكی هەرێم كە هاتە كەركووك باسی لەوە كرد كە ئەوە خەڵكی كەركووكە بڕیار لە كەركووك و چۆنیەتیی ئیدارەی شارەكە دەدات بەڵام بە مەرجێك كەركووك ناسنامەی كوردستانییەکەی لەبەین نەچێت. ئەمە مەرجی سەرۆك بارزانی و هەموو كوردێکیشە."

كەركووك پرسێكی گەورەیە بەشێوەیەك كە پرسی هەموو كوردستانە. كەركووك بە جوگرافیا و میژووش كوردستانییە و هەرواش دەمێنێتەوە."

گووتشی: "ئێمە وەكو ئیدارەی كەركووك پێویستە جەخت لە جێبەجێكردنی مادەی 140 بكەینەوە و داوا لە بەغدایش بكەین پابەند بێت پێوەی، نەک خەریكی تەعریبكردنی كەركووك بن؛ خۆ دكتۆر نەجمەدین كەریم خۆیشی لەم چەند ڕۆژە لە میدیاكان باسی لەوە كرد كە تەعریبێكی یەكجار زۆر لە كەركووك هەیە! باشە ئەی بۆ ئێمە كار لەسەر ئەوە نەكەین ئەم تەعریبە ڕابگرین، كەی كاتی ئەوەیە بچین داوای پرۆژەیەك بكەین كە بە هەموو پێوەرێك مەترسییە لەسەر كەركووک!"

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار