گازپرۆم پەرتوكێك و فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر كورد بەرهەم دەهێنێت

ڕووسیا-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ڕووسیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-6-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە سان پترسبورک ئامادەی ڕێوڕەسمی ناساندنی پەرتووكێك بوو بە ناوی (كوردەكان سوارچاكانی ڕۆژهەڵات) كە لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی ڕووسیاییەوە ئامادە و چاپ كراوە.
ئەم پەرتووكە باس لە مێژووی كورد و شۆڕش و سەرهەڵدانەكانی كورد لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا دەكات و تیشك دەخاتە سەر تەواوی لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی، كەلتوری، ڕۆشنبیری، ئەدەبی و هونەریی كورد و شەڕی دژی تیرۆ كە ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان دژ بە تیرۆرستانی داعش ئـەنجامی دەدات.
چەند بەشێكی دیكەی ئەم پەرتووكە تەرخان كراوە بۆ باسكردن لە پێشكەوتنە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوورییەکان و ژیانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان. لە بەشێكی دیكەشدا بەتایبەتی تیشك خراوەتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان كورد و ڕووسیا هەر لە سەردەمی (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی)یەوە تا سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و مانەوەی (سەرۆک مستەفا بارزانی) لە سۆڤییەتی جاران تا دەگاتە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سیاسییەكانی ئەمڕۆی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا.
پاشان پوختەیەك دەربارەی فیلمێكی دیكۆمێنتاری پێشكەش كرا كە هەر لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆمەوە ئامادە كراوە و تیایدا تیشك دەخاتە سەر ئەو شەڕەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە. ئەم فیلمە دیكۆمێنتاریە كە بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵ بەرهەم هێنراوە، باس لە قارەمانێتیی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی جوامێرانەیان بەرامبەر بە تیرۆرستان، دەكات. هەروەها تیشك دەخاتە سەر سەرکەوتنە بەردەوامەكانی پێشمەرگە لە بەركانی جەنگی دژی تیرۆردا و ڕۆڵی پێشمەرگە لە بەرگریكردن لە گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئاینزاكانییەوە دەخاتە ڕوو و پێشمەرگە وەك قارەمانێك كە بەرگری لە پرەنسیپەكانی ئاشتی و ئازادی و مرۆڤایەتی دەكات، دەناسێنێت.
لە كۆتاییی ڕێوڕەسمەكەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا سەرەتا خۆشحاڵیی خۆی بە یەكەم سەردانی خۆی بۆ ڕووسیا نیشان دا و سوپاسی كۆمپانیای گازپرۆم و بەتایبەتی سەرۆكی كۆمپانیاكەی كرد بۆ ئامادەكردنی ئەو پەرتووک و فیلمە دیكۆمێنتاریە و ئامادەكردنی ئەو پەرتووک و فیلمەی بە نیشانەی خەمخۆری و پەرۆشیی ڕووسیا بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا سوپاسی پشتگیرییەكانی ڕووسیای كرد كە هەر لە سەردەمێكی زووەوە پشتگیریی كوردستانی كردووە و سوپاسی هەڵوێستەكانی ئێستا و پشتگیریەكانی ئەمڕۆی ڕووسیای لە شەڕی دژی تیرۆر و هاوكاریی مرۆیی ڕووسیا بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا لە پێشوەچوون و پەرەپێدانی بەردەوامدا بن.
لە كۆتاییدا سەرۆكی كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی ڕووسایی، دانەیەكی تەواوی لە فیلمە دیكۆمێنتاریەكە پێشكەش بە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد.





