٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی كوردستان ڕووسیا هەماهەنگیی بواری وزە تاوتوێ دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ڕووسیا-KDP.info-  وەزیری وزەی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە، پێویستە ئەو پەیوەندییە دێرینەی نێوان خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕووسیا هەیە توندوتۆڵتر بكرێت و سوپاسی بەشداریی شاندی هەرێمی كوردستانی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سان پترسبورگ كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-6-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانی سەردانەكەیدا بۆ ڕووسیا، لە سان پێترسبێرگ لەگەڵ (ئەلكساندەر  نۆڤاك) وەزیری وزەی ڕووسیا كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری وزەی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووسیا دەربڕی و دووپاتی كردەوە كە، پێویستە ئەو پەیوەندییە دێرینەی نێوان خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕووسیا هەیە توندوتۆڵتر بكرێت و سوپاسی بەشداریی شاندی هەرێمی كوردستانی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سان پترسبورگ كرد.

ئاماژەی بەوەش دا كە دەكرێ داهاتووی وزە و بوارەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان زیاتر پەری پێ بدرێت و ڕووسیایش خوازیاری ئەوەیە كۆمپانیاكانیان بەشداری لە پەرەپێدانی بواری وزە لە هەرێمی كوردستان بكەن و، دەتوانن لە بواری كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریش بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگەی كوردستان ڕۆڵی خۆیان ببینن.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و تیشكی خستە سەر پەیوەندییە دێرینەكانی هەردوولا و، خۆشحاڵیی خۆی بەو پەیوەندییە دووقۆڵیانە لەگەڵ ڕووسیا نیشان دا كە دەكرێ لە زۆر بواردا پەرەی پێ بدرێت، هەروەها پوختەیەكیشی لەسەر بارودۆخی كوردستان و قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەر و ئاوارەی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و، لەمبارەیەشەوە سوپاسی حكوومەتی ڕووسیای كرد كە هاوكاریی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیان كردووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە هاتنی كۆمپانیا ڕووسیاییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی وەبەرهێنان لە بواری وزە و بوارەكانی دیكەدا دەكات، بە جۆرێك هەرێمی كوردستان بتوانێت سوود لە ئەزموونی ڕووسیا لەو بوارانە وەرگرێت. ئاماژەی بەوەش دا كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی ڕووسیایی سەرەڕای بارودۆخی ناوچەكە لەسەر كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامن و، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری بۆ فراوانكردن و باشتر بەڕێوەبردنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەكات.

تاوتوێكردنی چەند بابەتێكی دیكە و دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەكە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار