مه‌سروور بارزانی: پاش نه‌مانی داعش عێراق ده‌بێته سێ پارچه

هه‌ولێر-KDP.info- مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، پاش شكستپێهێنانی داعش، پێویسته عێراق بۆ سێ كیانی جیاوازی شیعه و سوننه و كورد دابه‌ش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی پێش به خوێنڕشتنی زیاتر بگیرێت.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به ئاژانسی رۆیته‌رزی رایگه‌یاند، رزگاركردنی شاری مووسڵ كۆتاییی داعش ده‌بێت، به‌ڵام پاش له‌ناوچوونی داعش، جیاوازیی قووڵ له عێراق ده‌مێنێت و توندوتیژیی تایفی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه، رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا ته‌نیا ناڕه‌زایه‌تی و چه‌قبه‌ستوویی و گه‌نده‌ڵی لێكه‌وتووته‌وه.
مه‌سروور بارزانی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، نه‌بوونی متمانه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه ڕێگا به مانه‌وه له‌ژێر سه‌قفێك نادات و فیدرالیزم سه‌ركه‌توو نه‌بووه. بژاره‌كانی وه‌ك كۆنفیدراڵی و سه‌ربه‌خۆیی هێناوه‌ته به‌ر باس و ده‌ڵێت، ''ئه‌گه‌ر سێ هه‌رێمی كۆنفیدرالیمان هه‌بێت، ده‌بینه خاون سێ پایته‌ختی یه‌كسان، كه هیچ یه‌كێكیان له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی دیكه نابێت.''
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه گوتی، پێویسته هه‌مان بژار به پارێزگاكانی سوننه بدرێت.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، ''ئه‌وه‌ی كه ئیمه ده‌خه‌ینه‌ڕوو چاره‌سه‌رییه. ئه‌وه به مانای ئه‌وه‌ی نییه كه له ژێر سه‌قفێكدا بژین، به‌ڵام ده‌كرێ دوو دراوسی باش بین. ته‌نانه‌ت كه هه‌ست بكه‌ین پاشه‌ڕۆژێكی گه‌ش و ئاراممان هه‌یه، ده‌توانین ده‌ست به هاوكاری یه‌كتر بكه‌ین.''




