مەخمووری: پەکەکە پێویستە سوود لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆکی ھەرێم ببینن
__2016_06_15_h15m24s35__HK.jpg)
سکرتێری پارتیی یەکێتی نەتەوەیی کورد (غەفوور مەخمووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە ھەموو کێشەکان لە ڕێگەی ئاشتی و لێکتێگەیشتن وگفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و پرۆسەی ئاشتی کە لە باکووری کوردستاندا ھەبوو کە تورکیا ھەنگاوی نەنا بە بنبەست گەیشت و، ئێستا دەتواندرێت سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە، خۆی ئەمە تاکە ڕێگایە و ھەموو دنیاش ھەر بەو شێوەیەیە."
(غەفوور مەخمووری) گوتیشی، ئێمە لەگەڵ توندوتیژیدا نین و ھیچ کێشەیەک بە توندوتیژی چارەسەر نابێت و خزمەت بە دۆخەکەش ناکات و دەکرێت لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن درێژە بە پرۆسەکە بدرێت.
ئەو گوتیشی، پێویستە پەیوەندیی ھەموو بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەک باش بێت و کێشەکان وەلاوە بنێن و بیر لە پرسە نەتەوایەتییەکان بکەینەوە و ڕەوشی باشووری کوردستان زۆر ھەستیارە، بۆیە لەسەر لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندییەکەی ئەو پارچەیە بکەن و دەست لە کاروباری وەرنەدەن.
(مەخمووری) باسی لەوەش کرد، پێویستە ھەموو کێشەیەک لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، چونکە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ھەروەھا وتیشی، سەرۆک بارزانی دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ھەبێت، لەبەر ئەوەی لە سەرتاوە ڕۆڵی لە پرۆسەکەدا ھەبووە و دەتوانێ ڕۆڵی کاراتریشی ھەبێت لەمەولا و قەناعەت بە تورکیا بهێنێت بۆ ئەو پرسە.
ئەوەشی خستە ڕوو، پەکەکە دەتوانێ لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم چاوپێکەوتن بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەرەو پێش بچێت و سوود لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سەرۆک بارزانی ببین.
بڵند ئیبراھیم




