وه‌زاره‌تى شاره‌وانى به‌ر به دروستبوونى كێشه‌ى ئاو ده‌گرێت

هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار پێشبینى ده‌كات، له‌گه‌ڵ وه‌رزى هاوین و هاتنى گه‌رمادا كێشه‌ى ئاو له چه‌ند ناوچه و شوێنێكى هه‌رێمى كوردستان دروست ببێت و و ده‌ڵێ، پێشی پێ ده‌گرم.
نه‌ورۆز مه‌ولوود، وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له دیوانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ و ته‌واوى به‌ڕێوه‌به‌رانى ئاو له شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆ بووه‌وه، تاوتووی ئه‌و كێشانه‌یان كرد كه پێشبینى ده‌كرێت له هاویندا بێنه پێشه‌وه.
مه‌سعوود كاڕه‌ش، به‌ڕێوه‌رى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ ڕایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى چه‌ندین پرۆژه‌ى ستراتیژیی ئاومان له پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه و توانراوه ئاو بگه‌یێنینه زۆرترین ژماره‌ى هاووڵاتیان، به‌ڵام له وه‌رزى هاویندا پێویستیى هاووڵاتیان بۆ ئاو زیاتر ده‌بێت و ئه‌و بڕه ئاوه‌ى وه‌ك ستانداردى جیهانى بۆ هه‌ر تاكێك داندراوه زیاتر به‌كار دێت، له‌گه‌ڵ بوونى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره و په‌نابه‌رى ڕۆژئاواى كوردستان و خه‌ڵكى ناوچه‌كانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق كه له هه‌رێمى كوردستان نیشته‌جێن و خزمه‌تگوزارى ئاویان پێده‌گات، ده‌بنه هۆكارى كێشه‌ى كه‌مئاوى له هه‌ندێ شوێن و ناوچه‌ى هه‌رێمى كوردستان.''
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئاو و ئاوه‌ڕۆ زیاتر گوتى: "ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانى ئاو له شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، له‌پێناو دانانى میكانیزمێك بوو بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر له دروستبوونى كێشه‌ى ئاو بگیرێ له وه‌رزى هاویندا.''
كارزان حه‌یده‌ر




