٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشار، موسلیمی دایە بەر ڕەخنە

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە ڕایگەیاندووە، سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و بەغدا دەروازەی ستراتیژیکی كوردە بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان. (د. عەبدولحەكیم بەشار) دەڵێ، وتەكانی ساڵح موسلیم شتێكی نامۆ نین و بەرژەوەندیی ئەوان لە دژایەتیكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورددایە.

ساڵح مسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامە و ماڵپەڕی سەباح‌جەدیدی عێراق، ڕایگەیاندووە، سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و باوی نەماوە، پێویستە كورد درك بەو ڕاستییە بكەن كە بەغدا دەروازەی ستراتیژیکی كوردە بۆ هەرچوار پارچەی كوردستان.

بە باوەڕی د. عەبدولحەكیم بەشار ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا و ئەندامی دەستەی دانوستانكار ئەو وتانەی ساڵح موسلیم نامۆ نین، چونكە وەک ئەو دەڵێ، بەرژەوەندیی ئەوان لە دژایەتیكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورددایە.

د. عەبدولحەكیم بەشار بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خۆ سی ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی كوردستان بوون، پەكەكە دەیانگوت ئێمە 'دەوڵەتی كوردی' دادەمەزرێنین و، ئەوەی داوای مافی خۆ چارەنووس و فیدراڵیزم و ئۆتۆنۆمی بكات بەكرێگیراوە! ئاخر ئێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئامادەن پشتگیریی لە دەوڵەتی كوردستان بكەن لە هەرێمی كوردستان، كەچی پەكەكە و لقوپۆپەكانی دژی دەوەستنەوە. ئەم ڕاستییە بۆ ڕای گشت كوردان لە هەرچوار پارچە ڕوون بووەتەوە كە ئەوان دژی خوێنی شەهیدان و ماف و بەرژەوەندیی كوردن سەداسەد."

پێوەست بە ڕۆژئاوای كورستانیش گوتی "لە ڕۆژئاوای كوردستان لقەكانی پەكەكە هیچ سیاسەتێكی ڕوونیان نییە لەگەڵ ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و، تەنها هاوكارییان دەکەن لە ڕووی سەربازییەوە؛ كار بۆ پاراستنی ڕژێم دەكەن و یەكدەستن بۆ دژایەتیكردنی مافی كورد و دوورخستنەوەی كورد لە دەستكەوتەكانی شۆڕش."

دەیشڵێت: "ڕژێم پێشنیازی كردووە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورددا گفتوگۆ بكات، بەڵام چونکە هیچ مافێک بە گەلی كورد ڕەوا نابینن، ئێمە دەستمان نا بە ڕوویانەوە."

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار