لە 2017ـدا كورد پێگەیەكی بەهێزی لە داڕشتنی سیاسەتی نوێی ئەمریكادا دەبێ

هەولێر -KDP.info- سیاسەتوانان پێیان وایە، تا دێت بەرژهوەندییەكانی ئەمەریكا دێتە پاڵ بەرژەوەندیی كوردەوە و ئەمەریكا زیاتر پشتی كورد دەگرێت و لە هاوكیشە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەكو تاكە ئومێدێك سەیری دەكات، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا پاڵپشتییەکی تەواوی كورد بكات لە هەموو ڕوویەکەوە.
ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا تا دێ بەرژەوەندییەكانی دێتە پاڵ كوردەوە، چونكە لە گشت تەجرەبەیێكی سیاسیدا لەگەڵ عەرەبەكانی عێراق و شیعەكانی سووریا و توركیادا شكستی برد، بۆیە وەك چاوەڕوان دەكرێت تاكە دەرچەیەك كە ئومێدی ئەمەریكا بێ لە داڕشتنی سیاسەتی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، كورد بێ.
پێوەست بەم بابەتە (حاكم قادر حەمەجان) كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كورد لە پرۆسەی ئازادیی عێراقدا هاوكار و پشتیوانێكی بەهێز بوو بۆ هاوپەیمانان و ئەمەریكا. ئێستایش پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، ئەوەش شتێکی زۆر گرینگە. هەروابێتەوە وا كورد لە شەڕێكی زۆر گەورەدایە بەرانبەر بە تیرۆیستان و، هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی ئەمەریكایشن. بۆیە هاوپەیمانەتیی كورد بۆ ئەمەریكا زۆر گرینگە و بۆ خۆیشمان زۆر گرینگە؛ دیارە كورد تا دێ پێگەی بەهێزتر دەبێ و، گەشە دەکا، کەواتە مافی خۆمانە ئێمەی كوردیش وەك نەتەوەکانی دی، كیان و وڵاتی سەربەخۆی خۆمانمان هەبێت."
هاوكات (عەلی حوسێن) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 2، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمەریكا بەرژەوەندی خۆی هەیە لەو جیهانەدا بە گشتی و، لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا بە تایبەتی؛ لەگەڵ چەند وڵاتێکیشدا هاوبەرژەوەندە. هۆی هەرەسەرەکیی سەقامنەگرتنی ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەیش ئەوەیە، کێشەی کوردی لێ یەکلایی نەکراوەتەوە."
ئەمەریكا دەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێشاوەتەوە
(دكتۆر چواس حەسەن) مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمەریكا دەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كێشاوەتەوە و، هەست دەكات لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەن و وڵاتانەی كە هاوبەرژەوەند بووە و پاڵپشتییانی كردووە، زەرەری کردووە. بۆیە لە سەردەمی دەسەڵاتی (ئۆباما)دا دەبینین كە ئەمەریكا هەوڵی داوە لە دوورەوە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە ببات و لە پشتەوە سەركردایەتیی ڕەوشەكەی كردووە. ئەمەش هەلێكی بۆ كورد ڕەخساند كە پێگەیەكی تەواو بەهیزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، بە شێوەیەكی وا کە كورد بپارێزێ، وەكچۆن لەكاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان بینیمان كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی كوردی كرد و پاراستی."
كورد لە عێراق و سووریا و توركیا و ئێراندا خاوەنی ئیتن و پێگەی جیۆگرافی و دەنگی ناوچەكەیەتی، گەلێكی میانڕۆی ئاشتیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوینە كە كۆكراوەی كورد لە ئەمەریكادا، هەولێر سەركردایەتیی دەكات و (بارزانی)یش خاوەنی مەلەفی تێكڕای كوردە بۆ جیهانبینیی كورد لە ئەجێندای ئەمەریكا و كۆمەڵگەی دەولیدا. سەربەخۆیی بووەتە ئەمری واقیع و بۆ ئەو مەبەستەیش ئیدارەی نوێی ئەمەریكا، لە دیموكراتەكان بێت یان لە كۆمارییەكان ئەوا پاڵپشتیی كورد لەلای ئەم دوو جەمسەرە گەورەیەی ئەمەریكاوە یەكلا بووەتەوە.
سهركردایهتیی سیاسیی كورد، بهرژهوهندییهكانی نهتهوه و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشی پاراستووە
(حاكم قادر حەمەجان) باوهڕی وایە، پاڵپشتیی ئەمەریكا لەسەر ئەو بەرژەوەندیانە دەوەستێ كە لەگەڵ كورددا هەیەتی؛ ئهو گوتی ''وەك دەبینین ئەمڕۆ ئەمەریكا بەرژەوەندییەكی یەكجار زۆریشی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەتایبەت لە مەسەلەی نەوت و غاز و پێگەی جیۆگرافیی كورد. لە كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و ئابووری و سەربازی و دژایەتیی تیرۆردا یەكدەگرینەوە. بۆیە پاڵپشتیكردنی كورد لەلایەن ئەمەریكاوە سوودیكی زۆری هەم بۆخۆیان و هەم بۆ ئێمەیش دەبێت و وردە وردە ئەم پاڵپشتییەش ڕوو لە زیادبوونە."
گوتیشی "پێویستە بەرژهوەنەدییەكانی هەردوو لامان پارێزراو بێت و بەرژەوەندیی نەتەوەكەمان نەكەینە قوربانی بەرژەوەندیی هیچ وڵاتیك، بەشێوەیەك سیاسەت بكەین كە بەرژەوەندیی هەردوولامان پارێزراو بێت."
(عەلی حوسێن) كه ڕاكانی گوزارشتن له دنیابینیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە كە "ئەمڕۆ كورد بەشێكە لە هاوكێشە سەربازی و سیاسی و ئابوورییەكانی ناوچەكە بە گشتی. چونكە كورد ئامرازێكی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمەریكایە بەتایبەتی بۆ ئارامیی ناوچەكە، لە شەڕی دژ بە تیرۆردا یەكێك لە هێزە هەرەگەورە و كاریگەر و بەهێزەكان كوردە، كە ڕاستەوخۆ دژ بە تیرۆر وەستاوینەتەوە و بەرژهوەندیی خۆمان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشی پاراستووە".
ئاماژەیشی دا "دوای شەڕی داعش، ئەمەریكا ڕۆڵێكی سیاسیی سەرەكی دەبێت لە ناوچەكە. كودیش كارتێكی بەهێزە بۆ ئەو، چونكە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە؛ كورد خاوەنی پێگەیەكی زۆر گەورەیە و ڕۆژ بەرۆژ بەرەو ئابوورییەكی گەورە هەنگاو دەنێ. لە رووی پرهنسیپی پێكەوەژیانیشەوە نموونەیەكی زۆر جوان بووین كە سەرجەم ئایین و نەتەوەكان لە ناوچەكە دەژین. ئەمانە هەموو هۆكارن كە لە پاشهڕۆژدا ئەمەریكا حیسابێكی تەواو بۆ كورد بكات."
(د. چواس حەسەن) لهو بارەیەدا دەڵێ: "تا ئیستا بە شێوەیەكی ڕوون پاڵپشتییان لە سەربەخۆییی كوردستان نەكردووە. ئێمەی كورد دەوڵەت نین، بەڵام كارەكتەری دەوڵەتێكین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە ئەمەریكا بە چاوی ئومێدەوە لە هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و پێی وایە ئێمە هاوسەنگیی سیاسی و سەربازیی ناوچەكەمان پاراستووە."
ئهو مامۆستایهی زانسته سیاسییهكان جەختیشی كردەوە كە: "پێویستە بە گفتوگۆ و سیاسەت ئەمەریكا تێبگەیێنین كە ئێمە ڕۆڵی دەوڵەتمان گێڕاوە و پێویستە دەوڵەتیش بین. بۆیە ئێستا (سەرۆك بارزانی) دەیەوێ ئەم هەنگاوە بنێت و، ئێمە ڕۆڵی دەوڵەت دەبینین؛ (سەرۆك بارزانی)یش دەیەوێت ئەمە لە دیفاكتۆوە بكاتە یاسایی و كوردستان بكاتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ."
سەرباز واحید




