٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مووسڵ بێ پێشمەرگە ئازاد ناکرێ

سەرچاوە: KDP.info

گوێر-KDP.info-  فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، حکوومەتی عێراق نایەوێت پێشمەرگە لە شەڕی مووسڵدا بەشدار بێت، چونکە دەیەوێ هیچی لە دەستکەوت و ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان پێنەبڕێت، "بەڵام سەرکەوتوو نابن"؛ دەشڵێت، بەغدا دەیەوێ شەڕ هەر بەردەوام بێت هەتا ژێرخانی سوننەکان وێران ببێت.

 

 (جەمال مۆرتکە) کە بەرپرسی میحوەری گوێڕە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ھێرشەکەی دوێنێی سوپای عێراق لە مەخموور کە توانییان رێگای شەرگات حەویجە گەیارە بگرن، خراپ نییە و ڕاستییەکەی مەترسییش لەسەر رۆژئاوای مەخموور کەم بووەتەوە، لەمەودوایش شەڕەکە کەمێک لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دوور دەکەوێتەوە و دەکەوێتە ناوچەی عەرەبەکان."

 

(مۆرتکە) باوەڕیشی وایە کە، ئەو ھێزانەی عێراق کە لێرەن، لە ڕووی چەک و تەکنیکەوە بەھێزن، بەڵام لە ڕووی ورەوە ناتوانن هیچ وێناچێ مووسڵ کۆنترۆڵ بکەن.

ئەو فەرماندەیە دەڵێ، "لەسەر ئێمەیش پێویستە سنوورەکانمان قایم بکەین، بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە دزەکردنی تیرۆریستان، زۆریش گرینگە گورجوگۆڵ بین و دووبارە خۆمان رێک بخەینەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان نەمینێت."

 

دەربارەی ئامادەسازیی زیاتر بۆ ڕزگارکردنەوەی مووسڵ لە چنگ داعش، (جەمال مورتکە) لەسەر ئەو باوەڕەیە، "ئێمە جارێ تەنھا چاودێریی دۆخەکە دەکەین.. بە رای من حکوومەتی عێراق دەیەوێت کورد و پێشمەرگەی پشتگوێ بخات و ئەگەر بتوانێ هەر رێگەیش نادات پێشمەرگە بەشداری لە شەڕی مووسڵدا بکات، بەڵام ناتوانێ ئەو کارە بکات."

 

(مورتکە) راشیگەیاند، "بەغدا دەیەوێت شیعە بەھێز بکات و سوننەیش ھان بدات تا هەر ئەوان مووسڵ رزگار بکەن، بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە دەستکەوتەکان و ھاوکارییەکانی نێودەوڵەتی بێبەش بێت، دەیەوی وا نیشانی بدا کە ئەوە تەنیا کورد نییە لە گۆڕەپانەکەدا و ئێمەیش ھەین."

 

ئەو جەخت دەکاتەوە، "ئەو شەڕە کە کرا بۆ لەناوبردنی سوننە بووە و، ئێستایش حکوومەتی عێراق پێی باشە شەڕەکە بەردەوام بێت و چەند ساڵێکیش بخایەنێت؛ وا وێدەچێ بیەوێ وەکو ئەنبار و فەللوجە، مووسڵیش وێران ببێ، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی سوننەکان تێکبدات."

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار