کونسوڵی ڕووسیا: پڕۆژە ئابوورییەکانی ڕووسیا لە کوردستان دەست پێدەکات

ههولێر-KDP.info- کونسوڵی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەم زووانە پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (سپۆتنیک نیوز)ی ڕووسیا، (ڤیکتۆر سیماکۆف) کونسوڵی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: وڵاتەکەی بەنیازە پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکانی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان کە ماوەی دوو ساڵە ڕاگیراون، دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئابووریی (سەن پترۆزبێرگ) لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، دەست پێبکاتەوە.
(سیماکۆف) ئەوەشی وت "لەو کۆبوونەوەیە دا کە ڕۆژانی ١٦ و ١٧ و ١٨ی ئەم مانگە بەرێوە دەچێت، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری دەکات".
هەر لەو بارەیەوە، کونسوڵی ڕووسیا وێڕای ئاماژە بە سەردانی دوو ساڵ لەمەوبەری شاندێکی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کە ڕێککەوتننامەیەکی لێکەوتەوە لەسەر جێبەجیکردنی چەند پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئابووری، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش، جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دواکەت، وتی دەرفەتی زۆر بۆ هاوکاریی هاوبەش لە بواری ئابووری لە نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان لەئارادایە، بۆیە هیوای خواست دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی (سەن پترۆزبێرگ)، پڕۆژە ئابوورییەکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان بکەونە واری جێبەجێکردنەوە.




