٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن: بەھەرێمکردنی کەرکووک خیانەتە.. کۆی لایەنەکان دژی ئەم بیرۆکەیەن

سەرچاوە: KDP.info

كه‌ركووك-KDP.info-  جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک-گەرمیان دەڵێت، ھەر ھەوڵێک بۆ بەھەرێمکردنی کەرکووک بدرێت شکست دەبات، چونکە ھەموولایەنەکان و خەڵکی کەرکووکیش دژی ئەو ھەوڵەن.

(دیاری حوسێن) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتى: "سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی کەرکووک لەبارەی چارەنووسی ئەوشارەوه‌ ڕوونە، کە پێویستە بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ھەر کەسێکیش شتێکی لە شێوەی بەھەرێمکردن بڵێت، قابیلی قەبووڵكردن نییە، لەبەر ئەوەی لە ساڵی١٩٦١وه‌ تاوەکو ئەمڕۆ کورد خوێن ده‌بەخشی لەپێناو ئه‌و شاره‌دا."

ئەوبەرپرسی پارتی لە کەرکووک جەخت دەکاتەوە کە، ئەوانەی ھەوڵی بەھەرێمکردنی دەدەن چ وەڵامێکی کەسوکاری شەھیدان دەدەنەوە کە خوێنی خۆیان بەخشیووە، ئایە پرسیان بە ئەوان کردووە؟، بۆیە ئەمە ناکرێت ئێستا خەڵکانێک باس لەوەبکەن کەرکووک دەکەینە ھەرێمێکی سەربەخۆ، گوتیشی، "ئێستا کەرکووک لەژێر دەسه‌ڵاتى پێشمەرگە و کوردە، بۆیە ئەوەی کەرکووک لە کوردستان داببڕێ، خیانەتە لەوکەسانەی کە شەڕی داعش دەکەن."

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان ده‌شڵێت، یەکێتی و پارتی بەھەرێمکردنی کەرکووکیان لە دواکۆبوونەوەدا ڕەت کردەوە و "ئەوەی ئێمە ئاگادارین ھەموو لایەنەکانی دیکەش دژی بەھەرێمکردنی کەرکووکن، بۆیە ھەر ھەوڵێکی بۆ بدرێت شکست دەبات."

باسی لەوەش کرد، پێویستە بە راپرسی کەرکووک یەکلایی بکرێتەوە و خەڵکی کەرکووکیش دەزانن بەرژەوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانە، دەشپرسێ: "ئەگەر ھەرێم نەبێت کێ کەرکووک دەپارێزێت، ئایە حەشدی شەعبی بۆی دەپارێزێت؟، بۆیە پیویستە واز لە بیرۆکەی لەوشێوەیە بهێندرێ."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار