مانەوەی شنگال گرێدراوە بە ڕیفراندۆم

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال ڕایگەیاند، مانەوەی شنگال گرێ دراوە بە ڕیفراندۆمەوە، چونكە ڕیفراندۆم پاڵپشتیەكی بەهێز دەبێت بۆ بەجینۆسایدناسێنرانی كەیسی شنگال؛ کەوابێ دەبێ ڕیفراندۆمەکە لە شنگالیشدا بكرێت.
(مەحما خەلیل) قایمقامی شارۆچكەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "کە لە هەرێمی کوردستاندا ڕیفراندۆم بکرێ، پێویستە لە شنگالیشدا بكرێت؛ مانەوەی شنگال گرێ دراوە بە ڕیفراندۆمەوە، ڕیفراندۆم پاڵپشتیەكی بەهێز دەبێت بۆ بەجینۆسایدناسێنرانی كەیسی شنگال. خۆی خەڵكی شنگال نایانەوێت چیدیكە سەر بە ئیدارەی مووسڵ بن، بەڵكو دەیانەوێت شنگال بكرێتە پارێزگا و سەر بە هەرێمی كوردستان بێت."
گوتیشی: ئەوەیش وەڵامێك دەبێت بۆ تیرۆریستانی داعش، كە حكوومەتی هەرێم بەردەوام پاڵپشتیی خەڵكی شنگال و ئیدارەی ناوچەكە دەكات، ئەگەر پێشتر شنگال سەر بە هەرێمی كوردستان بووایە، ئەو كارەساتە بەسەر خەڵكی ناوچەكەدا نەدەهات.
ڕابین شێروانی




