مەخموور.. بە گرتنەوەی گوندی خەرایبجەبر و سەلاحیە و نەسر مەترسی لەسەر ناوچە كوردییەكان نامێنێ
__2016_06_12_h20m33s51__HK.jpg)
مەخموور -KDP.info- قایمقامی قەزای مەخموور دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەمڕۆدا لە سنووری ناوچەی مەخموور سێ گوند كراونەتە ئامانج كە لەوێوە تیرۆریستانی داعش كاتیۆشا و ڕۆكێتیان ئاراستەی مەخموور و ناوچە كوردییەكانی تر دەكرد و ئەم مەترسییەش بوونی نەما.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە میحوەری مەخموور سوپای عێراق هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كرد.
پێوەست بەم بابەتە (ڕزگار محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هێزە عێراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی ئەمرۆیان دا لە سنوری ناوچەی مەخموور توانییان گوندی خەرایب جەبر ڕزگار بكەن و، ئێستاش خەریكی گرتنەوەی گوندی سەلاحیە و نەسرن و گەمارۆی هەردوو گوندەکەیان داوە. ئەو گوندانە هەرسێكیان مۆڵگەی تیرۆریستانی داعش بوون و لەو سێ گوندەوە تیرۆرستانی داعش كاتیۆشا و ڕۆكێتیان دەگرتە مەخموور و ناوچە كوردییەكانی تر."
قایمقامی قەزای مەخموور جەختیشی كردەوە "گرتنەوەی ئەم سێ گوندە لە ناوچەكە و دوورخستنەوەی زیاتری تیرۆریستانی داعش، مەترسیی تیرۆریستان لەسەر ناوچە كوردییەكانی سنوورەكە دەڕەوێنێتەوە."
سەرباز واحد




