٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنی زه‌رد: سوتاندنی ژنان و کچانی ئێزیدی تاوانێكه‌ دژی مرۆڤایەتییه‌ و ئیدانەی دەکەین

سەرچاوە: KDP.info
 
هه‌ولێر-KDP.info-  فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌باره‌ی سوتاندنی ژمارەیەک لە ژنان و کچانی ئێزدی لەلایەن (داعش)ەوە، ڕاگه‌یێندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، سوتاندنی ژنان و کچانی ئێزدی، دڕندانەترین تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و ئیدانەی دەکەین.
 
لەو ڕاگەیاندراوه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ ماڵپه‌رى فه‌رمى پارتى دیموكراتى كوردستان نێردراوه‌ فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاندووه‌، ئەو تاوانە بە تاوانێکی دڕندانەی دژ بە مرۆڤایەتی ناو دەبەین و شەرمەزارییەکی گەورەشه‌ بۆ ھەڵگرانی بیری (داعش)ی و ئەوانەیش لە بەرانبەر ئەو تاوانە گەورە، بێدەنگی دەنوێنن".
 
هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "ناوچەی شەنگال بەھۆی ناسنامەی کوردبوون و ئێزیدیبوونی زۆربەی دانیشتوانەکەیەوە، تا ئێستا چەندینجار ڕووبەڕووی ھەڵمەتی پاکتاوکردن بووەتەوە، بۆیە پێویستە لەو ڕووداوە قێزەونە بێدەنگ نەبین".
 
ئەمە لەکاتێدایە "دەنگۆی سوتاندنی ژمارەیەک لەژنان و کچانی کوردی ئێزیدی لەلایەن (داعش)ەوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بوو بە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی پڕ کرد لەنیگەرانی، ڕۆژی (3/8/2014) بە تەنیا ڕۆژێک نەبوو، کە تێیدا ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆرستی جیھانی (داعش)، ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت و دژوار ببێتەوە، بەڵکه‌ ڕۆژێکیش بوو، کە ئەستەمە بۆ ھەمیشە کوردانی ئێزیدی یادەوەرییە تاڵەکانی لە بیربکەن، چونکە لەو ڕۆژەدا، کەوتنە بەر ھێرشی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و، ترس و مەرگ و کوشتن و بە دیلگرتن و ئاوارەیی و کاولکاری، باڵی بەسەر ناوچەکەیاندا کێشا."
 
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (the sun)ی بەریتانی: " کە لە ڕۆژی (6/6/2016) بڵاو کراوەتەوە، (19) کچی کوردی ئێزیدی لەلایەن گروپی تیرۆرستی (داعش)ەوە سوتێنراون، پاڵنەری ئەو تاوانەیشیان تەنیا ئەوە بووە، کچەکان ئامادە نەبوون مەرجەکانیان قبوڵ بکەن و وەک کۆیلەی سێکسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەیش داوە، ئەو (19) کچە لە ناو قەفەزێکی ئاسنی کڵۆم دراو، لە گۆڕەپانێکی شاری مووسڵی عێراقی، بە بەرچاوی سەدان کەسەوە، ئاگریان تێبەردراوە و بەو ھۆیەوە مردوون، ھیچ کام لەو کەسانەیش، کە ئامادەی بینینی ئەو ڕووداوە بوون، لە دژی چەکدارەکان و تاوانەکەیان، نەیانوێراوە زار بکەنەوە، ھەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە، ئەو کچە ئێزیدیانە لەو (3000) کچ و ژن و منداڵانە بوون، کە بەھۆی داگیرکردنی شەنگالەوە، کەوتبوونە دەست ئەو ڕێکخراوەوە".
 

هەواڵی پەیوەندیدار