برۆ: پەیەدە نەیتوانیووە پێویستی خەڵک دابین بکات.. پەیوەندیهكانیشى تێکداوە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا دەڵێت، ماوەی پێنج ساڵە لەسوریا شۆرەش دەستی پێکردووە بهڵام پەیەدە نەیتوانیوە دەستکەوت بۆ کورد بەدەست بێنێت، تەنیا نەیارى بۆ کورد زیاد كردووه، جگە لەوەش بەردەوام و بەشێوەی جیاجیا بەربەستمان بۆ دروست دەکات و رێگری لەکار و خەباتمان دەکات.
(ئیبراھیم برۆ) بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى: "دۆخی رۆژئاوای کوردستان باش نییە و بەم دوایانەش ئیدارەی پەیەدە زیاتر بەربەست لەبەردەم کاروخەباتی ئەنجوومەنی نیشتیمانی دروست دەکات، لەرێگەی دەستگیرکردنی سەرکردەکانمان و داخستنی ئۆفیسەکان و رێگاش نادەن چالاکیش ئەنجامبدەین.
(برۆ) گوتیشی: "دۆخی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانیش زۆر خراپە لەبەر ئەوەی ئیدارەی پەیەدە نەیتوانیووە پێویستی خەڵک دابین بکات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ ھەموو لایەک تێکداوە لەوانە ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریاش، زیاتریش نەیار بۆ ئێمە دروست دەکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لەسوریا دهشڵێت، ماوەی پێنج ساڵە شۆرەشی سوریا دژی رژێمی (ئەسەد) دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا کورد دەستکەوتی واى بەدەست نەھێناوە، ئێمەش بەردەوامین لەکاری خۆمان وەکو ئەنجوومەن، بەڵام لەناو رۆژئاوا ھێزمان نییە و لەدەرەوەش لەوڵاتانی ئەورپا زۆر کارمان کردووە، بەڵام ئەوان چەکیان ھەیە شەر دەکەن و پێشمەرگەی ئێمەش بۆ بۆ چوونه رۆژئاوا چاوهروانى رێککەوتن دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




